وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا: لە سەمسوور یەک هەزار و 485 باڵەخانە رووخاون

15-02-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، لە سەمسوور هەزار و 485 باڵەخانە رووخاون. دەشڵێت، "16 هەزار و 713 هاووڵاتی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا رزگارکراون."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی شوباتی 2023، عادل کارائیسماعیل ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا سەردانی پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستانی کرد و لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و فریاگوزاریی پارێزگای سەمسوور کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدا و ئاماژەی بەوەدا، پێنج هەزار و 700 کارمەندی فریاگوزاریی شارەزا لە ئافاد و ریکخراو و دامەزراوە فەرمییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نزیکەی 30 هەزار کەسی دیکە لە رێکخراوە مەدەنییەکان و خۆبەخشەکان خەریکی رزگارکردنی خەڵک و دەرهێنانی تەرمن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان.
 
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، "هەزار و 485 باڵەخانە کە لە سەمسوور رووخاون، ئەمرۆ لە 36 باڵەخانەدا هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن. لە بەرنامەماندایە سبەی سەرجەم کارەکانی گەڕان و رزگارکردن تەواو بکەین." 
 
ئاماژەی بەوەشدا، "لەلایەن وەزارەتی ژینگە و باژێڕڤانی کارەکانی تایبەت بە دەستنیشانکردنی زیانەکان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی تائێستا دەستنیشانکراوە لە سەمسوور یەک هەزار و 485 باڵەخانە روخاون، چوار هەزار و 85 باڵەخانەش زیانی زۆریان بەرکەوتووە، 538 باڵەخانەش پێویستە بە خێرایی بڕوخێنرێت. سەرەنجام کۆی گشتیی ئەو باڵەخانانەی کە پێویستە بە خێرایی بڕوخێندرێ شەش هەزار و 108 باڵەخانەن. پرۆسەی روخاندنی ئەو باڵەخانانە دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە