رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "کەسێک بە تۆمەتی خنکاندنی پووری، دەستگیر کراوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-01-2025 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاریی دەزگای هەواڵگریی حكومەتی عێراق، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێک، تۆمەتبارێکمان دەستگیر کرد."
گوتەبێژی پۆلسی سلێمانی روونیکردەوە، "لە رۆژی 17-08-2023دا، تەرمی ژنێک لەنێو ماڵەکەی لە گەڕەکی سەرچنار بە خنکاوی دۆزرایەوە. هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد. دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "لەو کاتەوە بکوژی ژنەکە خۆی شاردووەتەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیسیش بەردەوام بوون. دواجار بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی حكومەتی عێراق و لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی بکوژمان دۆزییەوە؛ تۆمەتبارەکە لە پارێزگای عەممارە دەستگیر کرا و هێندرایەوە سلێمانی."
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئێستا تۆمەتبار (ک. ع. ف) کە ناسنامە عەرەبە و لەدایكبووی 2006ـە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە."
گوتەبێژی پۆلسی سلێمانی دووپاتیکردەوە، "تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناوە؛ كە لە پارێزگای عەممارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، پووری خۆی خنکاندووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ