رێواز فایەق: بەغدا نایەوێت کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت

14-10-2023
پەیمان محەممەد
هەڤپەیڤینی رێواز فایەق لەگەڵ سەنگەر عەبدولرەحمان
هەڤپەیڤینی رێواز فایەق لەگەڵ سەنگەر عەبدولرەحمان
نیشانەکردن رێواز فایەق یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، دوای کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی، کۆدەنگییەکی تەواو لە بڕیاردا دەبینرێت، باس لەوەش دەکات ئەو لەوباوەڕەدا نییە لەم قۆناخە، حکومەتی عێراق حەزبکات کێشەی مووچە چارەسەر بێت.
 
رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژی شەممە 14-10-2023 پەخشکرا، بە سەنگەر عەبدولرەحمانـی رووداوی گوت، دوای کۆنگرەی پێنجەم ''کۆدەنگییەکی تەواو'' لە بڕیاری حیزبەکەیاندا دروستبووە.
 
رێواز فایق ئاماژەی بەوە کرد، "سیستەمی هاوسەرۆکی کە لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی پەیڕەو کرا، سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە سیستەمەکە لە هاوسەرۆکییەوە گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی و، دەرکەوت ژمارەی سەرکردایەتییش کەمبکرێتەوە باشترە.''
 
27ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە بەشداریی 600 ئەندام دەستیپێکرد و پێنج رۆژی خایاند، یەکێک لە بەرچاوترین گۆڕانکارییەکان؛ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبەکە بوو لە 124 کەسەوە بۆ 61 کەس.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەوبارەوە رایگەیاند، ''پێشتر بەهۆی زۆریی ئەندامانی سەرکردایەتی، دامەزراوەکانی حیزب لقی زۆریان لێکەوتبووەوە، ناوەکانیان جیاواز و ئەرکەکانیان لە یەکدی نزیک بوون، کە هەندێک جار دەبووە هۆی بەریەککەوتنی دوو ئۆرگان.''
 
لە کۆنگرەدا لیستێکی داخراو بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی خرایەڕوو، ئەوەش رەخنەی زۆری لێکەوتەوە، بەگوتەی رێواز فایەق، لیستەکە لە هۆڵی کۆنگرە 400 واژۆی لەسەر کرا و لایەنگری زۆری هەبوو. دەشڵێت، ''رەنگە لەو قۆناخە راگوزەرەدا ئەو شێوەیە لە هەڵبژاردن بۆ یەکێتی پێویست بێت.''
 
هەندێک لە سەرکردەکانی پێشووی یەکێتی، کە بەشداری کۆنگرەی پێنجەم نەبوون دەڵێن، دەسەڵاتێکی ''زۆر'' بە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حیزبە دراوە و جۆرێک لە ''مەرکەزییەت'' لە بڕیاردا دەبنیرێت، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە دا، ''ناتوانم ناوی بنێم مەرکەزییەت، بەڵکو دەتوانم بڵێم کۆدەنگییە، چونکە ئەو سەڵاحییەتانەی لە پەیڕەودا بە هەڤاڵ بافڵ دراون، بە تایبەتی لەو مادەیەی پەیوەستە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک، ئەوەندە گرنگ نین، کە نەتوانرێت بەبێ ئەوەی باس لە مەرکەزییەت بکرێت، بەڕێوەببرێن.''
 
لە کۆبوونەوەی دووشەممە، 9-10-2023ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، د.خەسرەو گۆڵ محەممەد بە نوێنەری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجوومەنەکانی "سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژوەندی و ئەنجوومەنی پشتیوانی" دەستنیشانکرا و، بەشداری کۆبوونەوەکانی سێ ئەنجوومەنەکە دەکات.
 
رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو؛ بافڵ تاڵەبانی بۆ نوێنەرایەتیکردنی خۆی دەسەڵاتی داوەتە د. خەسرەو و هەر کاتێک بیەوێت، دەتوانێت دەسەڵاتەکەی لێوەربگرێتەوە. گوتیشی، ''ئەو [بافڵ تاڵەبانی] لە زاتی خۆیدا ئەو حەزەی نییە، خۆی کۆنترۆڵی هەموو شتێک بکات، بەڵام، بۆ دروستکردنی مەرجەعێک بۆ کۆدەنگیی ئێمە، باوەڕمان بەوەیە کە دەبێ پێکەوە کار بکەین، بافڵ تاڵەبانی باوەڕی بە کاری تیمی هەیە، ئەگەر ئێمە نەچین پێی بڵێین 'ئەمە کاری خۆتە و حیساب بۆ کەس مەکە،' خۆی باوەڕی بە کاری تیم هەیە.''
 
''لە سیستەمی هاوسەرۆکیدا کۆدەنگی لە بڕیاردا نەبوو''
 
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو حیزبەدا سیستمی هاوسەرۆکی جێبەجێکرا و لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بوونە هاوسەرۆک، بەڵام ئەو سیستمە زۆری نەخایاند و لە 8ـی تەممووزی 2021ـدا سیستەمەکە هەڵوەشێنرایەوە و لاهوور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دوورخرایەوە و دواتر خۆی بووە سەرۆک.
 
وەک رێواز فایەق گوتی، لە کاتی سیستەمی هاوسەرۆکی، هیچ کۆدەنگییەک لە بڕیاردا نەبوو و وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ناچار بووە قسە لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆک بکات کە دوو رای جیاوازیان هەبووە، گوتیشی، ''ئێستا لە پەیڕەودا نەهاتووە سەرۆک جێگری هەبێت و نایبێت.''
 
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی 14 کەس وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەڵبژێردران و رووداو زانی، پێنج ئەندامی سەرکردایەتیی دیکەش بە ئەندامانی یەدەگی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی هەڵبژێردران، رێواز فایق ئاماژەی بەوە کرد، ''بۆ ئەوەی ئەوە تێپەڕێنین یەکەم جار بە دەسەڵاتی تەواوەوە ناویان لێ ناین یەدەگ، بەڵام لە راستیدا بڕیار لەوە دراوە کە کەس یەدەگ نییە و ئێمە سەرەکین.''

 

''بەپێی پەیڕەو لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتیدا نەماوە''
 
لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەڵێت، "وەک یەکەم هەنگاومان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و لیستێکی گەلپەسەند رادەگەیەنین کە خۆی لە بەرەیەکی فراوانی رزگاریی نیشتمانیی بە بەشداریی سەرجەم دەنگە ئازا و دلێر و ناڕازییەکانی خەڵکی کوردستان لەناوەوە و دەرەوەی یەکێتی دەبینێتەوە...'' 
 
بەپێی پەیڕەو و بڕیارەکانی کۆنگرەی پێنجەم، لاهوور شێخ جەنگی لە یەکێتیدا نەماوە، وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ''لاهوور شێخ جەنگی کەسایەتییەکی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ جەماوەر هەیە، پەیوەندیی سیاسی هەیە و رەنگە پەیوەندیی هەرێمیشی هەبێت، ناتوانین بیسڕینەوە و بڵێین 'نییە.' بڕیاری داوە لیستی هەبێت و کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کێ چەند کورسی دەباتەوە، بەڵام ئەوە مافێکی یاسایی خۆیەتی.''
 
لەبارەی دۆخی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، گوتی ''هیچیەک لە حیزبەکان دۆخیان باش نییە و هیچ حیزبێک پێی وا نەبێت دۆخی وەکو ساڵی 2018ـیە، خەڵک زۆر نیگەرانییان هەیە و هەندێک گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بۆچی بەشداری هەڵبژاردن بن؟ بەڵام دەنگدەری خۆڵەمێشی هەن کە بەدوای [حیزبی] تازەدا دەگەڕێن.''
 
بڕیارە رۆژی 25-02-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، کورسییەکانی حیزبەکەی لە پەرلەمان کەم ناکەن و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیش بڕیاریان داوە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەبکەن.
 
''پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایین''
 
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە ئەندامانی یەکێتی کرد، رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی خۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەبێت.
 
لەماوەی رابردوودا پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی ئاڵۆز بوون، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، ئێستا پەیوەندیی ئەو دوو حیزبە ئاسایییە و، ''دوای کۆنگرە، بڕیارمان داوە بۆ سفرکردنەوەی هەموو کێشەکانمان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەوڵبدەین بە دیالۆگ دۆسیەکان بەرەو چارەسەرکردن ببەین.''
 
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری کە 10 و 11ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، لە پانێڵێکدا رایگەیاند، "ئێستا پێویستمان بە رێکكەوتن و تێگەیشتنی سەرلەنوێ هەیە لەگەڵ یەكێتی، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات''، رێواز فایەق گوتی، ''باشە رێککەوتنێکی نوێمان لەسەر بنەمای متمانە و هاوسەنگی هەبێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بۆ ئەوە نەبێت [لایەنێک] بخرێتە دەرەوەی بازنەکە.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، ''یەکێتی باوەڕی بە کۆدەنگیی نیشتمانی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەگەر کێشەکان لەگەڵ پارتی بە رێککەوتن چارەسەر بن، باوەڕ ناکەم کەس لە نێو یەکێتی دژی بێت، بەڵام ئەوە نەبووەتە بڕیار و کە بووە بڕیار، رادەگەیێندرێت.''
 
''حکومەتی عێراق لەم قۆناخەدا حەزناکات کێشەی مووچە چارەسەر بێت'' 
 
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای ئەوە دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی دارایی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستا بخرێتە سەر بەغدا، رێواز فایەق رایگەیاند، ''باوەڕ ناکەم بەغدا ئەو کارە بۆ ئێمە بکات، باوەڕ ناکەم لەم قۆناخەدا، حکومەتی عێراق و تەنانەت ئەو هێزە سیاسییانەی لەگەڵ یەکێتی و پارتی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدان، حەزبکەن کێشەی مووچەی [هەرێمی کوردستان] چارەسەر بێت.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گرفتی مووچە و جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە وەکو خۆی بە ''ناحەقی'' دەبێنێت کە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوە جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە