رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەم هەفتەیە ناوی 285 هەزار خێزانی کەمدرامەت و نڤیشکان بۆ بەغدا دەنێدرێت بەمەبەستی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی تایبەت.
رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023 ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عێراق داوای لێکردووین ناوی کەمدرامەتان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیان (نڤیشکان) بۆ بنێرین، بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و ناوەکانیش ئامادەکراون."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی کەمدرامەتان و نڤیشکانی بۆ عێراق نەناردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت: "ناوی 285 هەزار خێزانی کەمدرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت ئامادەکراون و کارەکانیان تەواو بووە و ئەم هەفتەیە دەینێرین."
ئاریان ئەحمەد دەڵێت: "تائێستا بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە کە سەبەتەی خۆراک بۆ کەمدرامەتان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان (نڤیشکان) دابین دەکرێت، تەنیا داوای ناویان لێکردووین و پێیان گوتووین ناوەکان بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراکە و ئەوەش تائێستا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە."
مانگی ئاداری 2023 ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی سەبەتەی خۆراکی تایبەت بۆ کەمدرامەتان و خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دابین بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ