رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەمشەو دوو گەنج کە تەمەنیان لەنێوان 18 ساڵ و 20 ساڵ بوو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی سەرەکیی تەکیە-سلێمانی گیانیان لەدەستدا.
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای چەمچەماڵ ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 8:30ـی ئەمشەو لە ئەنجامی پێکدادانی ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە گیانیان لەدەستدا."
عەمید عومەر عەلی گوتی، "رووداوەکە کاتێک روویداوە کە دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە دوای ئەوەی بەنزینیان کردووەتە ماتۆڕسکیلەکەیانەوە چوونەتە سەر رێگە سەرەکییەکە و ئۆتۆمبێلەکە لێیداون و گیانیان لەدەستداوە؛ بەهۆی ئەوەی رووداوەکە شەو بووە، سبەی لە وردەکاریی رووداوەکە دەکۆڵینەوە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی قەزای چەمچەماڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هەردوو گەنجەکە دانیشتووی ناحیەی ئاغجەلەر بوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش خۆی رادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە؛ ئەو گەنجانەشی گیانیان لەدەستداوە بە ناوەکانی ئەحمەد جەمیل و جێگر محەممەد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ