رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسان و هاونیشتمانییانی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر باڵندە چوونەتە دەریاچەی زرێبار.
رۆژی هەینی، 14ـی نیسانی 2023، ئیقباڵ حەمیدی، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاند: "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی مەریوان گەڕانەوەی 112 فلامینگۆی بۆ دەریاچەی زرێبار تۆمارکردووە؛ هاوکات چەندین جۆر باڵندەی کۆچەر ئێستا لەو دەریاچەیەدا گیرساونەتەوە".
بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەکانی سیبیریا و لەباربوونی کەشوهەوای رۆژهەڵاتی کوردستان، دەریاچەی زرێبار لە مەریوان، بووە بە یەکێک لەو پەناگە گونجاوانە دادەندرێت ساڵانە باڵندە کۆچەرەکان رووی تێدەکەن.
ئیقباڵ حەمیدی دەڵێت: "ئێستا دەریاچەی زرێبار میوانداریی باڵندە کۆچەرەکانی وەکو فلامینگۆ، قازی خۆڵەمێشی، قازی ناوچاوان سپی، مراوی ئانقوت، فیلۆش و چەند جۆرێکی دیکەی باڵندە کۆچەرەکان دەکات کە رۆژانە پۆل پۆل دەگەنە ئەو دەریاچەیە".
دەریاچەی زرێبار بەهۆی دەوڵەمەندیی خۆراکی؛ بووەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ باڵندە کۆچەرەکان و ئەوەش وایکردووە بەشێک لەو باڵندانە تا کۆتایی وەرزی هاوین لەو دەریاچەیە بمێننەوە.
باڵندە کۆچەرەکان دەگەڕێنەوە دەریاچەی زرێبار؛ دەریاچەی زرێبار یەک لە گەورەترین دەریاچەکانی ئاوی شیرینی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە و لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنە هەڵکەوتووە. درێژیی دەریاچەکە 5.4 کیلۆمەتر و پانییەکەی دوو کیلۆمەترە و قووڵاییەکەشی لە نێوان 3 بۆ 5.5 مەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ