بافڵ تاڵەبانی: ئەرکی حکومەتی عێراقە قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بکاتەوە

14-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالدا رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵی و پەرلەمانی عێراقە ئەرکە دەستووری و مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکەنەوە. دەشڵێت: "خەمساردی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرحەق بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و فەرامۆشکردنی داوا رەواکانیان، مایەی نیگەرانییە."
 
رۆژی 14-4-2023، 35 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەڕێت کە یەکێک بوو لە هەوڵەکانی بەعس لە عێراق بۆ قڕکردنی کورد، ئەو هەڵمەتە کە بەھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک ئەنجامدرا؛ لە 22ـی شوباتی 1988ەوە دەستپێدەکات تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانیی هەبوو گەورەترین کۆمەڵکوژییە بە بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لە ساڵیادی ئەنفال دەڵێت: "خەمساردی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرحەق بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و فەرامۆشکردنی داوا رەواکانیان، مایەی نیگەرانییە و دەبێت هەمووان ئەو راستییە بزانن کە گەرمیانییە تێکۆشەرەکان پشکی شێریان لە مێژووی خەباتی کورد و بەدیهێنانی ئەم ئەزموونەدا هەیە. بۆیە پشتکردنە گەرمیان و گەرمیانییە قارەمانەکان بێوەفاییەکی گەورەیە بەرامبەر خوێنی شەهیدان."
 
سەرۆکی یەکێتی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە و دەڵێت: "بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەرانە ئەرکە دەستووری و مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەشێکبن لەو هەوڵە مێژوویی و ئەخلاقییانەی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ساڕێژکردنی زامەکانیان دەدرێت. هەموو هەنگاوێکی لەو شێوەیەش، ئاماژەیەکی جیدییە بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی گەشتر."

 

 
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، نابێت کۆمەڵکوژکردنی 182 هەزار کەس بە پیر و گەنج و منداڵەوە لەیاد بکرێت و دەڵێت: "ئەنفال برینێکی گەورەیە لەسەر دڵمان و ئازارێکی نەبڕاوەیە لە رۆحماندا، ئەنفال وانەیەکی مێژووییە و نابێت لە بیری بکەین و هەموو لێکەوتە خراپەکانی ئەنفال فەرامۆش بکەین. ئەنفال تەنیا کارەساتێک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو پەند و وانەیەکی مێژووییە تاوەکو لێوەی فێربین و بە یەکێتی و یەکگرتووییمان رێگری لە دووبارەبوونەوەی هەموو هێرش و تاوانێکی لەو شێوەیە بکەین."
 
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتی، ئاساییە لە هەرێمی کوردستان هێز، لایەن و رەنگی جیاواز هەبن، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەن کە هەمووان وەک کورد خاوەنی یەک چارەنووسی هاوبەشین. بۆیە "دەبێت پاراستنی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەی، لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت و ئەنفال ئەو وانە مێژووییە بێت کە هەمیشە لە یادەوەریدا ئامادەیی هەبێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

12-11-2024 2

نێچیرڤان بارزانی: پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئازەربایجان دەکەم بۆ میوانداریکردنی لووتکەیەکی سەرکەوتوو

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی ئازەربایجان دەکات لە بەرامبەر بانگهێشتکردنی بۆ کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ 29، کۆنفرانسەکەش بە سەرکەوتوو و باش رێکخراو ناودەبات.