رووداو هەولێر
دژەتیرۆی کوردستان رایگەیاند، کەمێکی دیکە لە هەولێر و دەوروبەری دەنگی تەقینەوەیەک دەبیسترێت و مەشق و راهێنانی هاوپەیمانانە.
لە راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆردا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (21-1-2024) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "هاووڵاتییانی بەڕێز ئاگادار دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرقاڵی مەشق و راهێنانن، پاش کەمێکی دیکە لە هەولێر و دەوروبەری دەنگی تەقینەوەیەک دەبیسترێت. هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە".
راگەیێندراوەکە لەکاتێکدایە، ماوەی سێ مانگە چەندین جار لە رێگەی درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر و دەوروبەری.
دوایین هێرشی درۆنی 18ـی ئەم مانگە کرایە سەر هەولێر و دژەتیرۆری کوردستان هەمان رۆژ لەو بارەیەوە رایگەیاند، کاژێر 23:06 خولەکی شەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تێکشێندرا و خرایە خوارەوە کە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو.
کەمێک دوای راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی دژەتیرۆری کوردستان چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و گوتیان لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر دەنگی تەقینەوەیەکی گەورەیان بیستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ