رێگەکانی سلێمانی بۆ ئیدارەی راپەڕین داخراون و هەڕەشەی داخستنی رێگەکانی هەولێریش دەکرێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
یەکێک لە رێگە داخراوەکانی نێوان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین. وێنە: رووداو
یەکێک لە رێگە داخراوەکانی نێوان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - راپەڕین

زیاتر لە هەفتەیەکە هاونیشتمانیان رێگەکانی نێوان ئیدارەی راپەڕین و سلێمانییان داخستووە؛ بە خۆڵ و بەرد رێگرییان بۆ هاتووچۆی هەمووان دروستکردووە و دەڵێن، هەموو رۆژ مەترسیی مردن لەسەر رێگەی ژیانیانە و خزمەتگوزارییەکانیش نزیکە لە نەبوون.
 
شاخەوان ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی کانی وەتمان بە رووداوی گوت، "تائێستا 13 کەسمان لەو رێگایانەدا بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە مردوون، ئێمە وەکو دانیشتووانی گوندەکانی کانی وەتمان و خەلەکان، بڕیارمان داوە ئێرە چۆڵ ناکەین تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێن، داواکارییەکانیشمان تەواوکردنی رێگەی خەلەکان – دووکان و باشکردنی کارەبا و ئاوە، ئەوەش داواکارییە سەرەتاییەکانی هەموو کەسێکن لە هەموو وڵاتێک."
 
هەژار عەلی، خاوەن چێشتخانە لە رێگەی گوندی کانی وەتمان دەڵێت، "کارکردن لە کانی وەتمان تەواو لاواز بووە، چونکە ریگەکەی زۆر خراپ بووە، هەر ئۆتۆمبێلێک لێرەوە بێت یان تایەی تەقیوە یان تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، بۆیە بە هیچ جۆرێک ئەو کەسانەی ئەم رێگەیە دەزانن ئیدی نایەنەوە پێیدا."
 
ئێستا رێگەکانی خەلەکان – راپەڕین، خدران – راپەڕین و دووکان - راپەڕین داخراون. رێگەکە لەلایەن خەڵکەوە بە "رێگەی مەرگ" ناودەبرێت.
 
محەممەد قادر، دانیشتووی ناحیەی بنگرد گوتی، "ئەوەی کە ئێمە بۆی هاتووینەتە سەر شەقام و خێمەمان هەڵداوە و رێگەمان گرتووە، ئەوەیە کە حکومەت خزمەتی خەڵک بکات."
 
عەبدولڕەحمان نۆڵسکەیی، دانیشتووی ناحیەی بنگرد ئەوەی خستەڕوو، "ئەو جادەیەمان لە دەربەندەوە تاوەکو بنگرد زۆر خراپە، ئێمە داوای دووسایدمان دەکرد، کەچی ئێستا بە یەک سایدیش مەمنونین و نایکەن."
 
جگە لە رێگەی (سلێمانی – کۆیە – راپەڕین) هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ بەستنەوەی ئیدارەی راپەڕین بە سلێمانییەوە نەماوە، رێگەی بازرگانی و هاتووچۆ تەواو داخراوە، ئەوەش وایکردووە نرخی گواستنەوە لەو تاکە رێگەیەوە گرانتر ببێت.
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جگە لە بەڵێنی دەستپێکردنی پرۆژەکان، هۆکاری راوەستانیان بۆ سیاسەتەکانی بەغدا دەگەڕێنێتەوە.
 
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی عێراق مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەو پارانەی لە بودجەی ساڵی 2023 کە دانرابوو بۆ پڕۆژەکان بینێرێت، ئیدی کێشەمان نابێت و رێگەکان تەواو دەکەین."
 
خۆپێشاندەرانی سەر سێ رێگە داخراوەکە دەڵێن، لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان بەنیازن رێگەکانی ئیدارەی راپەڕین بۆ هەولێریش دابخەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی: حکومەت و کۆمپانیای ڤیزە رێککەوتنێک بۆ پەرەپێدانی گشتگیریی ئابووری واژۆ دەکەن

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی (هەژماری من) رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزەی جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات