prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە دەڵێت، بڕیارە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 30 ملیۆن دینار بۆ رێوڕەسمی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە بدرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بانگهێشتنامەیان بۆ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و سەرجەم لایەنە سیاسی و وەزارەتەکان ناردووە.
بڕیارە سبەی (یەکشەممە، 16-3-2025) رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەبچێت. چەند ساڵی رابردوو رێوڕەسمەکە تا رادەیەک ساردیی پێوەدیار بوو، بەڵام ئەم ساڵ ئامادەکارانی دەیانەوێت گەرمتر لە جاران یادەکە بکەنەوە.
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردن لە رۆژی هیوا جەمال، رایگەیاند "9 کۆبوونەوە وەک ئامادەکاری بۆ یادی 16ـی 3 کراون؛ هەنگاوی جیدی نراوە بۆ ئەوەی چیدیکە یادی کیمیاباران بەرەو کزبوون نەڕوات."
بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەی رۆژی یەکشەممە، سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بانگهێشت کراون؛ هەروەها لایەنە سیاسییەکان و وەزارەتەکانیش بانگهێشت کراون.
گوتەبێژی رێوڕەسمی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت "چاوەڕوانین ئەم ساڵ بە جۆشێکی تایبەتەوە ئەم یادە بەرز رابگیرێت و مافی خۆی پێ بدرێت. تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ وەڵامێکمان بەدەست نەگەیشتووە کە ئایا لە سەرۆکایەتییەکان کێ بەشدار دەبێت، بەڵام چاوەڕوان دەکەین هەموویان بەشدار بن و بە جۆشەوە یادەکە بەرز رابگیرێت".
دوو ساڵی رابردوو، دەگوترا بەهۆی تووڕەیی کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە بەرپرسان کەمتر بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن، بەڵام کامەران مستەفا گوتی، ئەم ساڵ لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە بە جوانترین شێوە پێشوازی لە هەموو میوانەکان بکەن.
بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی ساڵانە لە بابەتی تەرخانکردنی بودجە دوایان دەخەن و بۆیەش ئەم ساڵ لایەنێکی دیکە بودجەکەی تەرخان کردووە، گوتی "لە 10-2 ـوەوە نووسراومان ئاراستەی وەزارەتی شەهیدان کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجە. تاوەکو ئێستا رەزامەندی نەدراوە و نووسراوەکەمان لە وەزارەتی داراییە."
16ـی ئاداری 1988 دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراق بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و دەوروبەری بۆردوومانکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 5 هەزار کەس شەهید و 10 هەزار کەس بریندار بوون و نزیکەی هەموو خەڵکی ناوچەکەش ئاوارەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ