محەممەد شیاع سوودانی دەستپێکردنی 14 پڕۆژەی لە شنگال و دەشتی نەینەوا راگەیاند

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسێکەوە دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەکی لە شنگال و دەشتی نەینەوا راگەیاند و گوتی، لە قۆناخی یەکەمدا 14 پڕۆژە بە گوژمەی 18 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 15ـی ئاداری 2025) لە ڤیدیۆکۆنفرانسی پێش دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکاندا رایگەیاند، "بە باوەڕبوونمان بەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکی شنگال داویەتی، بە درێژایی ماوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، هەروەها لە سۆنگەی ئەو ئازارە زۆرەی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا چەشتوویانە، کارکرا بۆ کردنەوەی هەژمارێکی تایبەت بە نەینەوا کە لە بەرنامەی کاری حکومەتدا جێگیرکرا و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر دا، کارەکانی ئەو هەژمارەشمان تەواوکردوون". 
 
سوودانی دەڵێت، "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، گەڕانەوەی ئاوارەکان، نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی پارێزگاکە لەخۆدەگرێت. ئەمڕۆ چەند پڕۆژەیەکی گرنگی ژێرخان لە شنگال رادەگەیێنین کە 14 پڕۆژەن بە گوژمەی 18 ملیار دینار و بەشی یەکەمی پڕۆژەکانن. دوای تەواوبوونی رێکارەکان، بەشی دووەمی پڕۆژەکان دەستپێدەکەن."
 
سندووقی ئاوەدانکردنەوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا، لەگەڵ ناحیەکانی زوممار و قەحتانییە لەخۆدەگرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پابەندیی سەرەکیی ئەوان لە حکومەت؛ کۆتاییهێنانە بە دۆسیەی ئاوارەکان؛ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانیش هاوکار دەبن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
 
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "سندووقەکە ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکانی فێرکردن و تەندروستی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پڕۆژەیەکی گرنگی دیکەی وەک زانکۆی شنگال، لەگەڵ ئەو پڕۆژە پەرەپێدانانەی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنن."

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە