هاوژینی ئەو ژنەی وێنەیەکی لەگەڵ دکتۆر سیروان بڵاوکرایەوە روونکردنەوە دەدات

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وێنەی ژنێک لەگەڵ دکتۆر سیروان لە سۆشیاڵ میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە و دەگوترێت "ئەمە ژنی دووەمی دکتۆر سیروانە، کە بەهۆیەوە ئەو پزیشکە تاوانێکی قێزەونی ئەنجامدا." بەڵام هاوژینی ئەو ژنە لە رێگەی رووداو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
دکتۆر سیروان مەحموود، تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوژینەکەی خۆی، خوشکی هاوژینی، خەسوو و خەزووری، لە ماڵی خۆیاندا لە گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دا (13-3-2025).
 
ئەمڕۆ (شەممە، 15ـی ئاداری 2025) مەغدید عەبدوڵڵا، هاوژینی ئەو ئافرەتە کە وێنەکەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکراوەتەوە و وەکو هاوژینی دووەمی ناسێنراوە، بە رووداوی گوت "خێزانی من، بەشی سڕکردنی لە پەیمانگە تەواوکردووە و لە ژووری نەشتەرگەری لەگەڵ دکتۆر سیروان وەکو سڕکەر کاری کردووە."
 
گوتیشی، "رەنگە وێنەکە دەستکاری کرابێت، ئەگەر واش نەبێت؛ ئەوان لە ژووری نەشتەرگەریدا پێکەوەن و وەکو ئەندامی یەک خێزان وان."
 
لەبارەی ئەو پەیج و ئەکاونتانەی وێنەکەی هاوژینەکەیان بڵاوکردووەتەوە مەغدید عەبدوڵڵا دەڵێت، "لە ئاسایشی هەولێر سکاڵام لە دژی سەرجەم ئەو پەیج و ئەکاونتانە تۆمارکردووە کە وێنەی هاوژینەکەمیان بەوشێوازە بڵاوکردووەتەوە."
 

وێنەی مەغدید و هاوژینەکەی

مەغدید عەبدوڵڵا لە روونکردنەوەیەکیشدا دەڵێ "من وەکو هاوژینی ئەو خانمەی ئەو بوختانەی بۆ کراوە، لێرەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، هاوژینی من بێجگە لە پەیوەندی پیشەیی و هاوکاری، هیچ پەیوەندییەکی دیکەی بە دکتۆر سیروانەوە نییە و نکۆڵی لە هەموو ئەو تاوانە دەکەین."
 
هاوژینی ئەو ئافرەتە بە سێ خاڵ باسی زانیاریی نێو دەنگۆکان دەکات و دەڵێت:
 
- هاوژینی من کوردە و هاوژینی دووەمی دکتۆر سیروان هەروەک لە ماڵپەڕ و لایەنە فەرمییەکاندا باس دەکرێت عەرەبە.
- هاوژینی من کۆلێژی پزیشکی تەواو نەکردووە و لە هیچ قۆناخێکی خوێندن دا لەگەڵ دکتۆر سیروان هاوپۆل نەبووە.
- ئێمە خێزانێکی بەختەوەرین و چوار منداڵمان هەیە، هیچ گرفتێکی خێزانیشمان نییە.
 
مەغدید عەبدوڵڵا باس لەوەش دەکات، "ئێمە جەخت دەکەینەوە لەوەی، ئەم ناوزڕاندنە لە ئاستی تاوانی کۆمەڵکوژییەکەیە، (فیتنە و ئاژاوەگێڕی لە تاوانی کوشتن قورسترە)، داوا دەکەین ئەم بوختان و ناوزڕاندنە رابگیرێت و پۆستەکان لاببردرێن، ئەگەرنا ئێمە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر دەرحەق بە هەریەکێک کە واز لەم بوختانانە نەهێنێت."
 

گرافیک؛ رووداو

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە