قایمقامی پێنجوێن: لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەم پەشیمان نابمەوە

14-01-2023
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی دەستلەكاركێشاوەی پێنجوێن دەڵێت، هەرچەندە خەڵكی ‏پێنجوێن، بزووتنەوەی گۆڕان، پارێزگاری سلێمانی ‌و لایەنە ‏سیاسییەكانی ناو پێنجوێنیش داوایان لێكردووە لە بڕیاری ‏دەستلەكاركێشانەوەی پەشیمان بێتەوە، بەڵام ئەو بۆچوونی خۆی ‏ناگۆڕێت ‌و دەڵێت: "رێزم بۆ هەموو ئەو لایەنانە هەیە، بەڵام لە بڕیاری ‏دەستلەكاركێشانەوەکەم پەشیمان نابمەوە".‏
 
زانا رەحمان، قایمقامی دەستلەكاركێشاوەی پێنجوێن رۆژی شەممە، 14-1-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری ‏دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی قایمقامی پێنجوێن دوای وردبینییەكانی بووە ‌و بڕیارێك نەبووە سەرپێی بێت ‌و دەڵێت: "دوای ‏بیركردنەوەیەكی زۆر ‌و بێهیواییم، گەیشتمە ئەو بڕیارە ‌و سبەی ‏یەكشەممەش رێكارە یاساییەكانی بڕیارەكەم دەكەم".‏
 
لەبارەی كاری نوێی، زانا رەحمان گوتی، هێشتا دیار نییە ‏چی دەكات، بەڵام پێشتر لە بانكێكی حكومی كاری كردووە.‏ 
 
بەپێی رێنمایی ‌و رێكارە کارگێڕییەکان، دوای نەمانی قایمقام بە هەر ‏هۆكارێك نزیكترین بەڕێوەبەری ناحیە كارەكانی قایمقامیەتی پێنجوێن ‏رایی دەكات و بەوپێیە بێت، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز ‏بەشێوەیەكی كاتی كارەكانی قایمقامیەتی پێنجوێن رادەپەڕێنێت.‏
 
دوای سێ رۆژ لە خۆپێشاندان‌ و ناڕەزایی، بەشێكی زۆری خەڵكی ‏پێنجوێن كە سەرەكیترین داواكارییان بوونی كارەبای 24كاژێرییە لەگەڵ ‏دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ پێنجوێن، ئێوارەی رۆژی هەینی، 13-1-2023، زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ‏چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆی دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ‏ئاوڕێكی جیدی لە سنووری قەزای پێنجوێن بدەنەوە، دەستلەكاركێشانەوەی ‏لە پۆستەكەی راگەیاند.‏
 
زانا رەحمان خەڵكی پێنجوێنە و لە ساڵی 1982 لە سلێمانی لەدایكبووە ‌و لە ساڵی 2008دا بەشی کارگێڕیی لە سلێمانی ‏تەواو كردوە ‌و لە ساڵی 2009 وەك بەرپرسی بانكی پێنجوێن لە باشماخ ‏دەستبەكاربووە ‌و دواتر لە 10-05-2015 لەسەر پشكی ‏بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی قایمقامی پێنجوێنی وەرگرت.‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە