ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ رووداو: هاتووچۆی نێوان شارەکان لە رۆژی دەنگداندا ئاساییە

13-12-2023
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن دەنگدان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە رۆژانی دەنگداندا مۆبایل نەبەنە نێو بنکەکانی دەنگدان، چونکە "قەدەخەیە''. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیش دەڵێت، پێنج مانگە کار بۆ دانانی پلانێکی ئەمنی رێکوپێک بۆ کاتی هەڵبژاردن دەکەن.
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان شارەکانی عێراق لە رۆژی هەڵبژاردندا، گوتی ''هیچ قەدەخەیەکی هاتووچۆ نییە، ئێمە دوو رۆژ لەمەوبەر وەک لیژنەی ئەمنی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردن لەگەڵ رێزدار وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، دووپاتمانکردەوە لەوەی هاتووچۆ ئازادە و هاوکارییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئەواندا هەیە، روونمانکردووە هیچ رێگەگرتنێک نییە، بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت نەرمونیانی لە پلانی ئەمنیماندا هەبێت."

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆمەڵێک ئاماری لەبارەی ژمارەی سندووق و بنکەکانی دەنگدان خستەڕوو، کە هێزە ئەمنییەکان دەیانپارێزن، رایگەیاند ''هێزەکانمان ئەرکی پاراستنی نزیکەی هەشت هەزار و 960 بنکەی دەنگدانیان لەئەستۆدایە، لەنێویدا بنکەی دەنگدانی تایبەت و گشتی، بنکەکانی ئاوارە و کۆچبەران لەگەڵ بەندکراوان.''
 
بەگوتەی عەمید میقداد میر، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بۆ دەنگدانی گشتی هەشت هەزار و 237 بنکەی دەنگدان هەن و دەیانپارێزن، بۆ دەنگدانی تایبەتی 595 بنکەی دەنگدان هەن و دەیانپارێزین، هەروەها 69 بنکەی دەنگدانی ئاوارەکان جگە لە شەش بنکە لە گرتووخانەکان، کە کۆی گشتیان دەکاتە هەشت هەزار و 960 سندووقی دەنگدان.
 
کەمتر لە چوار رۆژ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ماوە، بەرپرسانی ئەمنی جەخت لەوە دەکەنەوە؛ پلانی ئەمنی بۆ رۆژی دەنگدان پتەو و بەهێزە، پشتئەستوور بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتی، هەروەها لایەنی هەواڵگری و بەبەشداریی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە وەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆ و حەشدی شەعبی، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای دژەتیرۆر.
 
لەبەرئەوەی دەنگدانی تایبەت لە رۆژی 16-12-2023 بەڕێوەدەچێت، بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاژێر 06:00ـی بەیانی رۆژی هەینی، 15-12-2023 کۆتایی دێت.
 
 
سەبارەت بە دەنگدانی تایبەت، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی ''رۆژی 16-12-2023 دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەو رۆژە کراوە، ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان ئازادانە دەنگدەدەن و لەژێر هیچ گوشارێکدا نین و نابن، ئەوان وەکو هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی مافی دەنگدانیان هەیە، هیچ سەرکردە و بەرپرسێکی سەربازی و ئەمنی بۆی نییە بە ئاماژە، یان ئاراستەکردن یان بە هەر شێوازێک، کارمەندان، ئەفسەر، سەرباز و پۆلیسەکانیان ئاراستە بکەن بۆ دەنگدان بە لایەنێکی سیاسی یان کەسایەتییەک.''
 
یەحیا رەسوول هۆشداریش لەو بارەوە دەدات و دەڵێت ''هەر کەسێکیش ئەو کارە بکات، بە تووندی سزا دەدرێت و رووبەڕووی دادگە و لێپێچینەوە دەکرێتەوە.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند بۆ ئەم هەڵبژاردنە "شوێنی ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندنیشمان دیاریکردووە و ئامادەن هەموو هاوکارییەکی میدیاکاران بکەن، هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆ چوونە نێو بنکەکانی دەنگدان."
 
قەدەخەکراوەکانی رۆژی دەنگدان
 
عەمید میقداد میر و تەحسین خەفاجی باسیان لە کۆمەڵێک شتی قەدەخەکراو کرد لە رۆژی دەنگداندا،  لەوانە: بردنی هەموو جۆرە چەکێک بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتیشی هەبێت، هەروەها هەموو جۆرە دیاردەیەکی چەکداری لە نزیک بنکەکان قەدەخەیە. بەکارهێنانی درۆن بۆ وێنەگرتن و هەر کارێکی دیکە قەدەخەیە، یان دەبێت مۆڵەتی پێشوەختەی بۆ وەرگیرابێت. هەموو جۆرە کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی بێ مۆڵەت قەدەخەیە.
 
قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل
 
قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە رۆژی دەنگدان کە لە سەرووی پێنج تۆنەوەن، لە ناوەندی شارەکان لە کاژێر یەکی بەرەبەیانی 18ـی مانگەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاژێر 18 لە هەمان رۆژ. هەروەها هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، ماتۆرسکیل و هەموو جۆرەکانی لە نزیک بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە.
 
دەزگای دژەتیرۆر بەشێکە لە جێبەجێکردنی پلانی پاراستنی ئاسایشی دەنگدان و لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، سەباح نوعمان، گوتەبێژی دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند ''وەکو دەزگای دژەتیرۆر لەماوەی رابردوودا راهێنان و مەشقی پێویستمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان کردووە، لایەنی هەواڵگری بەشێکی سەرەکی بوو لەو پرۆسەیە و هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆیەک ئامادەکردووە و چاوەڕێی رۆژی دەنگدانین.''
 
موئەیەد ساعدی، گوتەبێژی راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی، کە بەشداری لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانی لایەنە ئەمنییەکان کرد، جەختی لەوە کردەوە وەکو هێزێكی یەدەگ دیاریکراون بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو، ئەوەش لە رێگەی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
 
ساعدی گوتی "گرنگترین شت بۆ ئێمە، جێبەجێكردنی رێنمایی و راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هەروەها لیژنەی باڵای سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنە لە عێراق.''
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر هەن، 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەنگدانی گشتی دەیانگرێتەوە، یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 دەنگدەریش دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە، لەنێویاندا 48 هەزار و 260 ئاوارە هەن.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە