سوودانی لە هەرێمی کوردستان؛ رێگەی گەشەپێدان، نەوت و پێکهێنانی حکومەت تەوەری سەرەکین

دوێنێ کاژێر 07:12
نیشانەکردن سوودانی لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی هەولێر دەکات و دواتریش سلێمانی. مەلەفەکانی نێو جانتاکەی سوودانی کۆن و نوێن، گفتوگۆی گەرمی ئەم ساڵانەی دوایی هەولێر و بەغدای کۆکردووەتەوە. بودجە، نەوت، رێگەی گەشەپێدان، سەرژمێری و پێکهێنانی حکومەت گەرمترینیانن. 
 
سەرەتا سوودانی دەگاتە هەولێر و دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکات، ئێوارەی هەمان رۆژیش دەچێتە سلێمانی. 
 
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 
دوای گەیشتنی بۆ هەولێر، بڕیارە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاژێر 10:30 لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، دواتر کۆدەبنەوە و پرسە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ دەکەن.
 
دوای ئەو کۆبوونەوەیە، بڕیارە سوودانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە، هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردن کورسییان بەدەستهێناوە، کۆدەبێتەوە. لە سلێمانیش لەگەڵ یەکێتی و نەوەی نوێ و یەکگرتوو کۆدەبێتەوە.
 
بودجە و نەوت
 
سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری خاڵی جیمی لە بڕگەی دووەمی مادەی 12 لە یاسای بودجە پەسندکردووە کە تایبەتە بە نەوتی کوردستان و رادەستکردنی. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بکرێت. 
 
سەرژمێری؛ داوا و تێبینیی هەرێمی کوردستان
 
لەگەڵ ئەو پرسانەی باس دەکرێن لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، چاوەڕێ دەکرێت پرسی سەرژمێریش گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. محەممەد شیاع سوودانی بە وەڵامی ئەو تێبینییانەوە دێتە هەولێر کە لەبارەی سەرژمێرییەوە هەبوون. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە سێشەممەی رابردوو تاوتوێی تێبینی و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد پەسندیکردن. 
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تێبینیی دیکەمان دایە بەغدا بۆ جێبەجێکردن، بەتایبەت لە دەستگەیشتن بە داتاکان و جیاکردنەوەی سەرژمێری لە مادەی 140، بۆ ئەوەی ئەو سەرژمێرییە نەبێتە بنەمای یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکانی مادەی 140."
 
رێگەی گەشەپێدان 
 
مژارێکی دیکەی گفتوگۆکانی سوودانی لە هەولێر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە، هەرێمی کوردستان داوا دەکات بەشداربێ لەو پڕۆژەیە و پێشنیازی داوەتە حکومەتی عێراق.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وەریگرتوون، سێ پێشنیاز دراونەتە حکومەتی عێراق لەبارەی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیە 
 
رێگەی گەشەپێدان چییە؟
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان رێگەیەکی گەورەی ئابوورییە بەندەری فاو لە رێگەی توركیاوە بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت، 6.5 ملیار دۆلارەکەی دیکە تێچووی دروستکردنی هێڵەکەیە.
 
هێڵی ئاسنینی پڕۆژەکە لە بەندەری فاو تاوەکو پێشابوور بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، بە 10 پارێزگادا تێدەپەڕێت، بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. قۆناخی یەکەم ساڵی 2028 تەواو بێت، قۆناخی دووەم ساڵی 2038 و قۆناخی سێیەمیش ساڵی 2050. 
 
بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە، نەخشەکەی تەواو بووە، دیزاینی بەرایی هێڵی ئاسنییەکە 100٪ تەواو بووە، دیزاینی هێڵی وشکانییەکەش گەیشتووەتە 85٪.
 
رێگەی گەشەپێدان لە بەندەری فاوەوە دەسپێدەکات، ئەو بەندەرە دەبێتە ناوەندێکی بازرگانیی ئاویی نێودەوڵەتی، پڕۆژەکە سێ ساڵی دیکە ئەگەر کێشەی پارەدارکردنی نەبێ، ئینجا قۆناخی یەکەمی دەستپێدەکات.
 
قۆناخى کۆتایی نەخشەکە لە 2025 ئامادە دەبێت و وردەکاریى پڕۆژەکەى تێدایە، وەکو پرد، باڵەخانە و وێستگەکان و دواى ئەوە دەخرێتە بەردەم کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردن. 15 کۆمپانیا پڕۆژەکە جێبەجێ دەکەن، کارەکانی پڕۆژەکە دابەشکراوە بەسەر 15 بەش و بە سێ قۆناخ تەواو دەبێت.
 
 چ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟
 
بەگوێرەی نەخشەکەی، تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە بە پیشابوور تێدەپەڕێت، واتە ئەو پڕۆژەیە بە سنووری پێشابوور دا دەڕوات، ئەگەری گۆڕانکاریش دەکەوێتە سەر گفتوگۆ سیاسییەکان لەوبارەوە، بەڵام لە دوو بۆنەدا هەرێمی کوردستان داوای بەشداری لەو پڕۆژەیەدا کردووە.
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسوڵی تورکیا دا رایگەیاند، "پێویستە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەشداربێت." هەمان داوا وەزیری گواستنەوەی هەرێمی کوردستان کردی و رایگەیاند، "داوامان کردووە ئەو رێگەیەی دانراوە کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دیزاینی کردووە، چاک بکرێت، رێگەکە بە سێمێل دا تێپەڕێت و لەوێشەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل و پاشان بۆ تورکیا."
 
بە گوێرەی گوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، داواکە بەشێوەیەکە کە رێگەکە به‌ شوێنێكدا بڕوات، لەڕووی جیۆگرافی و له‌ڕووی ئاسایشەوە گونجاو بێت، بتوانرێت به ‌باشترین شێوه و‌ به‌ كورتترین كات و به ‌كه‌مترین نرخ ئەو پڕۆژه‌یه‌ له‌ سه‌ر‌تاسه‌ری عێراق و كوردستان جێبه‌جێ بكرێت.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، داواکاریی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، "له ‌رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌، ئەم رێڕەوە له ‌موسڵه‌وه‌ به‌لای قه‌زای حه‌مدانییه‌ و قه‌ره‌قۆشدا بڕوات، دواتر بۆ قه‌زای تەلكێف، دواتر له‌ رێگەی گوندی ته‌لخه‌ش بۆ ده‌شتی سێمێل و بۆ دێره‌بوون، له‌ دێره‌بوون بۆ قه‌ره‌وله‌ و ناحیه‌ی رزگاری، له‌ زاخۆش بۆ سنووری نێوان هەرێمى كوردستان و توركیا."
 
سوودە سەرەکییەکانی چین؟
 
بەپێی گوتەی پسپۆڕانی ئابووری، پڕۆژەکە گرنگترین خاڵی کەمکردنەوەی تێچوو و خەرجیی گواستنەوەی بازرگانییە، بە جۆرێک گواستنەوەی كاڵا و كەلوپەل لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا 7 هەفتەی دەوێت، بەڵام لەو پڕۆژەیەدا دەبێتە دوو هەفتە، مەترسیشی کەمترە لە رێگە بازرگانییەکانی دیکە لەوانە رێگە ئاوییەکان، خاڵێکی دیکەش رەخساندنی هەلی کارە لەرێگەی پڕۆژەکەوە.
 
خەمڵاندن وایە 100 هەزار هەلی کاری راستەوخۆ بڕەخسێنێت، لەگەڵ سوودمەندی زیاتر لە 500 هەزار کەس بۆ هەلی کار لەو پڕۆژەیە، هەروەها لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا 25 وڵات سوودمەند دەبن لە رێڕەوە نوێیەکەی بازرگانی، جگە لەوەش کاریگەری دەبێ لەسەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
 
تورکیا و قەتەر و ئیمارات و داواکاریی ئێران
 
رێگەی گەشەپێدان لە سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا پەسندکرا بە ئامادەبوونی نوێنەر و بەرپرسانی هەر چوار وڵات، بەشێکە لەو رێککەوتنانەی عێراق کردوویەتی، عێراق و تورکیا، هەرێمی کوردستانیش، خاکی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەن.
 
قەتەر پارەی پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتان دابین دەکات کە بودجەی وەبەرهێنانی 17 ملیار دۆلارە، بە هەمان شێوە ئیماراتیش بەشدارە لە دابینکردنی پارەی ئەو پڕۆژەیە، ئێستا ئێرانیش داوا دەکات بەشێک بێ لەو پڕۆژەیە و لە سەردانەکانی سوودانی بۆ تاران باس لەوە کرا کە ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی لە سنوورە ئاوییەکانی لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی ببەسترێتەوە بەو رێگەیە.
 
ئەمریکا چاودێرە بەسەر جێبەجکردنی ئەو پڕۆژەیەوە، هەر لەبەرئەوەشە کەمتر ناوی ئێران دێت لەنێو پڕۆژەکەدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

نەوەی نوێ: داوای پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەین

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، ''بۆ پێکهێنانی حکومەت پڕۆژەکەمان ئەوەیە یان سەرۆکوەزیران لە پشکی ئێمە بێت، یان ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی هەیە، دەستبەرداری سەرجەم پۆستەکانی دیکە ببێت." گوتیشی، هیچ کام لە لایەنەکان رەتیان نەکردووەتەوە.