رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و خواکوڕک پێنج سەربازی تورکیا کوژراون؛ سوپای تورکیاش گیانلەدەستدانی چوار گەریلای لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، هێزەکانیان لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و خواکوڕک رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە، کە هەوڵی پێشڕەویکردنیان داوە. لە ئەنجامدا پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران و سێ سەربازیش برینداربوون.
هاوکات ئەمڕۆ 13ی تشرینی دووەمی 2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گیانلەدەستدانی چوار گەریلای لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەریلاکان لە ناوچەی خواکوڕک لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 463 گەریلا و کوژرانی 66 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 209 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 157 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ