ئێران لەبارەی بۆردوومانی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نامەیەک دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

13-10-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێران لەبارەی بۆردوومانکردنی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان نامەیەک دەداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەڵێت، هیچ بژاردەیەکی دیکە جگە لەوە نەبووە.
 
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە "جوداخواز" ناو دەبات و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، پژاک و پاک بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرش دەکەنە سەر خەڵک و ژێرخانەکانی ئێران.
 
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: "ئەو گرووپانە خاکی هەرێمی باکووری عێراق بۆ بەڕێوەبردن، پەروەردە، هاندان، پلاندان و رێکخستنی چالاکیی تیرۆریستی و هەروەها چالاکیی تێکدەرانە لەنێو خاکی ئێران بەکاردەهێنن."
 
بەگوتەی نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو حیزبانە لە ساڵی 2016ـەوە 49 جار لەنێو خاکی ئێران و نزیک سنوورەکان چالاکییان هەبووە و لە ئەنجامدا 24 کەس کوژراون و 32 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئەو حیزبانە بەوە تۆمەتبارکراون کە خەڵکیان لە خۆپێشاندانەکاندا چەکدار کردووە و زیانیان بە موڵکی گشتی و تایبەت گەیاندووە و بوونەتەهۆکاری کوژرانی چەندین کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئێران.
 
بەپێی نامەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران چەندینجار یاداشتی فەرمیی داوەتە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی ئەو حیزبانە و لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی هاوبەشدا بەڵگەیان داوەتە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و داوایانکردووە، ئەو حیزبانە کۆنترۆڵ و چەک بکرێن، بەڵام سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکان، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیدییان بۆ رێگریکردن لێیان نەداوە.
 
نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەوان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبووە و ناچاربوون بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، ئەو هێرشە بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو چەکانەی بەکاریان هێناون، ورد بوون و هێرشەکەیان زیانی گیانی نەبووە.
 
نامەکەی ئێران لەکاتێکدایە، بەرپرسانی لایەنەکانی کۆمەڵە، حیزبی دیموکرات و پارتی ئازادیی کوردستان چەندینجار بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاندووە، ئەوان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هێرشیان نەکردووەتەسەر هێزەکانی ئێران و ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەکدارکردنی خەڵکیان دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانیان رەتکردووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 28/09/2022 ئێران قەڵای دیموکرات و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کۆیە، بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک سلێمانی و بارەگای پارتی ئازادیی کوردستانی لە نزیک پردێ بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کردە ئامانج و بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو کەسیان ژن بوون و یەکێکیان دووگیان بوو و منداڵەکەشی گیانی لەدەستدا. هەر لە ئەنجامی هێرشەکان نزیکەی 50 کەس برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە