رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانیان لە عێراق رێکدەخەنەوە و جێگۆڕکێ بە ژمارەیەک لە هێلیکۆپتەرەکانیان لەنێوان بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 دیسکی رۆژنامەڤانیی هاوپەیمانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆئەوەی توانای هاوبەشەکانمان زیادبکەین، ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بە هێلیکۆپتەر ئەنجامدەدرێن لەنێوان بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر و عەین ئەسەد رێکدەخەینەوە. ئەم جێگۆڕکێ پێکردنی هێزەش رێگە بە هێزە هاوبەشەکانمان دەدات بۆئەوەی ئاسایش لە ناوچەکانیان بچەسپێنن".
هاوکات دیسکی رۆژنامەڤانیی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چوارچێوەی ئەو رێکخستنەوەدا، ژمارەیەک لە هێلیکۆپتەری جۆری CH-47 lی بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبارەوە دەگوازرێنەوە بۆ بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر و ژمارەیەک لە هێلیکۆپتەری جۆری UH-60 لە بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێرەوە دەگوازرێنەوە بۆ بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار.
لەبارەی دەستکاریکردنی ژمارەی سەرباز و فڕۆکەی جەنگی لە عێراق و سووریا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، "هیچ گۆڕانکارییەک لەوبارەوە ناکرێت و ئەمە تەنیا رێکخستنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانە".
ئەم رێکخستنەوەیە، وەکو هاوپەیمانان باسی لێوە کردووە، "لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەدایە کە ئەرکەکەمان لە سەربازییەوە گۆڕدراوە بۆ راوێژکاری و هاوکاریکردنی هاوبەشەکانمان لە عێراق و سووریا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ