هیومەن رایتس وۆچ داوا لە عێراق دەکات گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد هەڵبداتەوە

13-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ داوا لە حکومەتى عێراق دەکات، هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد و قوربانیانى دەستى داعش، چڕبکاتەوە بۆ "سەلماندنى دادپەروەرى و ساڕێژکردنى برینەکانیان". دەشڵێت ترسیان هەیە شوێنی تیمی یونیتاد پڕنەکرێتەوە.
 
رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ - HRW) لە نوێترین راپۆرتیدا راگەیاند، رووفاتى سەتان هەزار قوربانى "کوشتنى نایاسایی" لە گۆڕى بە کۆمەڵ لە سەرانسەرى عێراقدا هەن کە دەرنەهێندراون، ئەوانە قوربانیانى ململانێ یەک لە دواى یەکەکانن، لەوانە کۆمەڵکوژیی دەسەڵاتى سەدام حوسێن لە دژى کورد لە ساڵى 1988 و، کوشتنى بەکۆمەڵ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوى داعشەوە لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017.
 
راپۆرتەکەى هیومەن رایتس وۆچ ئەمڕۆ (13ـی ئاب) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەى بەوە داوە، تیمى یونیتادى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی فەرمانگەى کاروبارى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دادپزیشکى عێراقى کردووە بۆ هەڵدانەوەی 67 گۆڕى بەکۆمەڵى دەستی داعش، بەڵام لە کۆتایی ساڵى 2023 لەسەر داواى حکومەتى عێراق، تەنیا ساڵێک کارەکەیان درێژ کرایەوە و لە ئەیلوولى 2024 کارەکانیان لە عێراق کۆتایی دێت.
 
تیمى لێکۆڵینەوەى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى رێکخراوى داعش (یونیتاد) لە ساڵى 2017 بە بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش پێکهێنرا بۆ دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانى ئەو رێکخراوە لە عێراق.
 
هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "لەپێناو هێنانەکایەى دادوەرى و دەستەبەرکردنى دادوەرى بۆ قوربانیان و خێزانەکانیان، دەبێت حکومەتى عێراق هەوڵەکانى چڕ بکاتەوە بۆ دەرهێنانەوەى رووفاتى ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە و ناسنامەى قوربانییەکان دیاری بکات و، بیداتەوە بە خێزانەکانیان بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى شایستە بەخاک بسپێردرێن و کەسوکاریان قەرەبوو بکاتەوە."
 
سارە سەنبەر، لێکۆڵەرى کاروبارى عێراق لە رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت "گۆڕە بەکۆمەڵەکان یادگارییەکى بەژانن بۆ چەند قۆناخێکى تووندوتیژى لە مێژووى عێراق، دەرهێنانەوەیان زۆر گرنگە بۆ ئەوەى کەسوکاریان هیوایەکیان بۆ بگەڕێتەوە بۆ هێنانەکایەى دادوەرى و ساڕێژبوونى برینەکانیان."
 
یونیتاد لەنێوان ساڵانى 2017 بۆ 2023 هاوکاریی عێراقى کردووە لە دەرهێنانى 1237 رووفاتی قوربانیانى کوشتارگەرى سپایکەر لە تکریت لە کۆى ئەو 1700 سەربازەى بەدەستى داعش لەو شوێنە کوژران. لە 28ـی ئایارى رابردووشەوە ئەو رێکخراوە بەشدار بووە لە هەڵدانەوەى گۆڕى بەکۆمەڵى علو عەنتەر لە نەینەوا، کە زیاتر لە هەزار رووفاتى تێدایە و لەلایەن چەکدارانى رێکخراوى داعش کوژران.
 
هیومەن رایست وۆچ دەڵێت "لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى کۆتایی کارى یونیتاد لە 17ـی ئەیلوول، مەترسى ئەوە هەیە دەسەڵاتدارانى عێراق ئەو بۆشاییە پڕنەکەنەوە کە رۆیشتنی، دروستى دەکات."
 
یەکێک لە هاووڵاتییانى شنگال کە رووفاتى باوک، دوو مامی و برایەکى لە گۆڕێکى بەکۆمەڵى باشوورى ئەو قەزایە دۆزراوەتەوە، دەڵێت، پێنج ساڵە رووفاتەکان نێردراون بۆ دادپزیشکى بەغدا، بەڵام ئەنجامى پشکنینەکان نەگەڕاونەتەوە. دەشڵێت "تەنیا ئومێدمان وەک قوربانیان و رزگاربووانى دەستى داعش یونیتاد بوو، ئەگەر ئەوان بڕۆن، دۆخەکە خراپتر دەبێت." 
 
لە کۆی 121 گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی داعش، 51 گۆڕی بە کۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
 
زیاد کەریم، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پاراستنى گۆڕە بەکۆمەڵەکانى عێراق بە رێکخراوەکەى گوتووە "لە دواى ساڵى 2003ـەوە  288 گۆڕى بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، لەبەرئەوەى تۆمارێکى نیشتمانیی یەکگرتوومان نییە، هۆکارێک نییە بۆ ئەوەى بزانین کە ژمارەى ئەو رووفاتانەى لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان چەندە."
 
رێکخراوى داعش ساڵى 2014 سێیەکى رووبەرى خاکى عێراقى داگیرکرد، بەرلەوەى لە 2017 هەموو ناوچەکان لە ژێر دەستى دەربهێندرێت.
 
سەباح سەبرى، باوکى و مامى بە دەستى داعش کوژراون و خراونەتە گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە خانەسۆر لە شنگال، ئەو دەڵێت "باوکمم بە جلەکانی ناسییەوە." 
 
خێزانى ئەو قوربانیانەى دەستى داعش ناتوانن بەبێ بەڵگەنامەى مردنی کەسوکاریان،  داواى خانەنشینى بکەن. سەباح سەبرى گوتى "زیاتر لە سێ هەزار دۆلارم خەرج کردووە، حەوت ساڵ خەریکى بەدەستهێنانى بەڵگەنامەى مردنى باوکم بووم."  
 
هیومەن رایست وۆچ لەو راپۆرتەدا ئاماژەى بە کێشەى هەڵنەدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کورد کردووە کە لەنێوان 1980 بۆ 1988 لەسەردەمى دەسەڵاتى رژێمى پێشوو زیندەبەچاڵ کراون. 
 
خەبات عەبدوڵڵا، راوێژکار لە وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە رێکخراوەکەى گوتووە "2500 رووفات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانى کورد دەرهێندراون و، گەڕێندراونەتەوە هەرێمى کوردستان." 
 
 لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ دەرهێنانى رووفاتەکان گرنگە بۆ زانینى ئاستى پێشێلکردنەکانى مافى مرۆڤ و گەرەنتیکردنى پابەندبوونى عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەیان.
 
رێبوار رەمەزان ساڵى 1983 تەمەنى یەک ساڵ بووە کاتێک باوک، باپیرى، شەش مامى و 105 کەسی دیکەى خانەوادەکەى لەنێو ئەو هەشت هەزار هاونیشتیمانییەى ناوچەى بارزان بوون، کە بە دەستى دەسەڵاتى سەدام حوسێن کوژران، ساڵى 2019 چووەتە شارى سەماوە بۆ ئامادەبوونى لە هەڵدانەوەى گۆڕێکى بەکۆمەڵ.  
 
رێبوار رەمەزان گوتى "دایکم پێیگوتم، باوکم یەک گۆرەوى لەپێدابووە کاتێک بردوویانە، لەنێو رووفاتەکان دەستم کرد بە گەڕان بۆ کەسێک کە یەک گۆرەوى لەپێدابێت، پێموابوو بەو شێوەیە دەیدۆزمەوە."  
 
هیومەن رایتس وۆچ بە پێویستى دەزانێت دەسەڵاتدارانى عێراق هەوڵەکانى بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان زیاتر بکات بە شێوەیەکى بێ لایەنانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنى جیاوازیی ناسنامەى قوربانیان.
 
سارە سەنبەر گوتى "بەبێ هەڵدانەوەی سەرجەم گۆڕە بەکۆمەڵەکان، برینەکان ساڕێژ نابن." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە