رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر منداڵێک تەمەنی لە خوارووی پێنج ساڵ بێت بەبێ رێگەپێدان دەتوانێت لەگەڵ کەسی یەکەمیدا عومرە بکات، بەڵام ئەو کەسانەی سەرووی پێنج ساڵن دەبێت رێگەپێدانیان هەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، 13-8-2022، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگە نەدەدرا منداڵان عومرە بکەن، بەڵام ئێستا رێگە بەوە دەدرێت."
نیاز نەقشبەندی گوتیشی: "ئەو منداڵانەی تەمەنیان خوارووی پێنج ساڵە پێویستیان بە رێگەپێدان نییە، بەڵام ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاتر دەبێت رێگەپێدانیان هەبێت."
بە گوتەی شێخ نیاز نەقشبەندی: "ههر كهسێك له ههر وڵاتێكهوه بچێته سعودیه، رێگهی پێدهدرێت لهكاتی مانهوهیدا عومره بكات، لهكاتێكدا پێش بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئهوه رێگهپێدراو نهبووه و ڤیزای عومره جیاواز بووه."
ساڵی 2019، سعودیە رێگەیدا دوو ملیۆن و 500 هەزار کەس حەج بکەن، ئەو ژمارەیە خەڵکی وڵاتانی دیکە و سعودیەش بوون. لە 2020دا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنیا رێگە بە هەزار کەس درا، هەمووشیان دانیشتووانی سعودیە بوون.
لە 2021دا ئەو ژمارەیە بۆ 60 هەزار کەس لە دەرەوە و ناوەوەی سعودیە زیادکرا، کە دەبوایە هەموویان دوو قورچکی ڤاکسینیان وەرگرتبا و لە رێگەی تیروپشکەوە ناویان دەرچووبا.
ئەو حاجییانەی ئەمساڵ سەردانی سعودیەیان کرد بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، 786یان دانیشتووی پارێزگای هەولێر، 658یان سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین، 487یان دهۆک، 123یان ئیدارەی گەرمیان و 66یشیان دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەن.
بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو بە شێوەی ئەلیکترۆنی ناوی نوێ بۆ گەشتی حەجی ساڵی 2024 تۆماربکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ