رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رەتیدەکاتەوە دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بڕیاری کۆتایی بێت و دەڵێت، "وەزارەتی پەروەردە پێیان راگەیاندووین دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە 04-09-2022 بڕیاری کۆتایی نییە و هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە." ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام پێشنیازێکیان داوەتە وەزارەتی پەروەردە.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە رۆژی 04-09-2022 ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیان کردووەتەوە بڕیاری دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان لە رۆژی 04-09-2022 بڕیاری کۆتایی لەبارەوە نەدراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن، پێشنیازێکیان داوەتە وەزارەتی پەروەردە و دەڵێت، "پێشنیازمان بۆ وەزارەتی پەروەردە کردووە بە رەچاوکردنی گەرما لە ناوچە گەرمەکانی وەکو گەرمیان و شوێنی دیکەش دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان بۆ ماوەی چەند رۆژێک دوابخرێت و سەرەتای مانگی ئەیلوول، واتە 04-09-2022 نەبێت، وەزارەتیش وەڵامیان داوینەتەوە کە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن."
لەبارەی کۆتایی ساڵی خوێندنی ساڵی 2022 - 2023ش، ئەحمەد گەرمیانی رایگەیاند، بڕیارە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو دەوامی قوتابخانەکان کۆتاییان پێبێت.
ئەو قسانەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە کاتێکدایە، ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە دەوامی ساڵی نوێی خوێندنی 2022 - 2023ی قوتابخانەکان لە رۆژی 04-09-2022 دەستپێدەکات لەبری ناوەڕاستی مانگ.
لە وەرزی خوێندنی 2021 - 2022دا رۆژی 01-09-2021 رۆژی دەستبەکاربوونی مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانە و باخچەکانی ساوایان بوو، رۆژی 14-09-2022، دەوام لە قوتابخانە و باخچەکان دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ