رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە بە "فێڵ" زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکە گوتوویەتی بە تەنیا نییە و خەڵکی دیکەی لەگەڵدایە.
رۆژی شەممە، 13ـی ئایاری 2023، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان کەسێکیان دەستگیرکردووە کە بە "فێڵ" 586 هەزار و 500 دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە.
پۆلیس رایگەیاندووە، هاووڵاتییەك سكاڵای تۆماركردووە كە مامەڵەی لەگەڵ كەسێك كردووە بەوەی چوار كیلۆ زێڕی بۆ ببات بەرامبەر 326 هەزار و 500 دۆلار، بەڵام دوای حەواڵەكردنی پارەكە بۆی، كەسەكە هەڵاتووە.
ئەو کەسە لە دوو دۆسیەی دیکەی هاوشێوەدا 200 هەزار دۆلار و 60 هەزار دۆلار پارەی لە خەڵک وەرگرتووە.
لەبارەی چارەنووسی ئەو پارەوە، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دۆسیەکە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدایە و تۆمەتبارەکە گوتوویەتی خۆی بە تەنیا نییە و کەسی دیکەی لەگەڵدایە.
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی، تۆمەتبارەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەیوانەوە لە سلێمانی دەستگیرکراوە؛ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارانەش دەرکراوە کە گوتوویەتی هاوکاری بوون.
تۆمەتبارەکە ناوی (ب، ع، ع)ـە و لەدایكبووی 1996، بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵدا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ