کەریم سلێمان: داوامان لە سوودانی کرد رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت

13-05-2023
هیدایەت جان
کەریم سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردی ئێزدی.
کەریم سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردی ئێزدی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە موسڵ لەگەڵ میری کوردانی ئێزدی لە عێراق و جیهان و ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردانی ئێزدی کۆبووەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، داوامان لە سوودانی کردووە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت.
 
رۆژی شەممە، 13-05-2023 کەریم سلێمان، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی کوردی ئێزدی لە بووڵتەنی 8:00 بە ئەیوب نسری، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی باسمان لەوەکرد کە خەڵکی ئێمە نۆ ساڵە لەنێو کەمپدا دەژین، دەمانەوێ حکومەتی عێراقی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پرسە چارە بکەن، چونکە ئەوە بابەتی هەرە سەرەکی ئێزدییەکانە و خەڵکی ئێمە لەو ئاوارەییە بیر لە جێهێشتنی وڵات دەکەنەوە".
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای بەشداریکردنی لە کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان، بەیانیی رۆژی هەینی، 12-5-2023 بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە شاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا. سوودانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەشی دانا، لەوانە بەردی بناخەی هۆتێلی موسڵ و نەخۆشخانەی گشتیی ئیبن سینا. 
 
کەریم سلێمان دەڵێت، لە کۆبوونەی ئەمڕۆدا سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی گوتین، لیژنەیەک درووستکراوە و لەم ماوەیەدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لیژنەی هەردوولامان گفتوگۆ لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکانی شنگال دەکەن.
 
موسڵ لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 کەوتە دەستی چەکدارانی داعش و دواتر کرایە سەنتەر و پایتەختی ئەو خەلافەتەی داعش بۆ خۆی راگەیاندبوو، لە ئابی هەمان ساڵیشدا داعش هێرشیکردە سەر شنگال و کوردانی ئێزدی ئەو سنوورە ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون و تاوەکو ئێستاش بەهۆی نائارامیی قەزاکە، نەگەڕاونەتەوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کوردی ئێزدی دووپاتیدەکاتەوە: "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقمان گوت، رێککەوتننامەی شنگال هەیە، بەڵام ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی دروستدەکرێت. ئەویش رایگەیاند کە لیژنەیان دروستکردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە".
 
لە تشرینی یەکەمی 2020دا و لە پێناوی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنیی شارەکە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵیک رێککەوتن، بەڵام لەو کاتەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
کەریم سلێمان دەڵێت، سوودانی پێی راگەیاندین، "هەوڵدەدات کاتێک بودجەی 2023 لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، تێیدا بودجەیەکی تایبەت جێبکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە