رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان دەڵێت، پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاناهیتای پارێزگاکە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت. پاڵاوگەی ئاناهیتا 17 ساڵ لەمەوبەر بەردی بناخەی دانرا، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبەر نەبوونی پارە، تەنیا شوێنێکی چۆڵ بووە و هیچ کارێک بۆ جێبەجێکردنی نەکراوە.
میدیای فەرمییی ئێران ئەمڕۆ شەممە، 13-5-2023، بڵاویکردەوە، بڕیارە بودجەی پڕۆژەی پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتا لە رێگەی ئاڵوگۆڕی کاڵابەکاڵای نەوتەوە دابین بکرێت و لە دوو مانگی داهاتووشدا کۆمپانیای بەڵێندەر دەست بە جێبەجێکردنی بکات.
بە گوێرەی میدیای ئێران، دووشەممەی رابردوو بەرپرسانی پارێزگای کرماشان لەگەڵ وەزیری نەوت، بەرپرسانی قەرارگای خاتەم ئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران و سندووقی پەرەپێدانی نیشتمانی کۆبوونەتەوە و بابەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پاڵاوگەی نەوتی ئاناهیتایان تاوتوێ کردووە.
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان ئەمڕۆ شەممە گوتی، "پاڵاوگەی ئاناهیتا یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی پارێزگای کرماشان. ئەم پارێزگایە پێویستی بەم پڕۆژەیە هەیە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا تەنیا ناوەکەی هەبووە و کارێکی بۆ نەکراوە و ئەوەش زیانی زۆری بە پارێزگای کرماشان گەیاندووە."
رووبەرێکی 571 هەزار هێکتار لەسەر رێگەی کرماشان بۆ هەمەدان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانکراوە و پلانەکە بەو جۆرەیە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.
کۆتایی پاییزی ساڵی 2006 کاتێک مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئێران بۆ یەکەمجار سەردانی پارێزگای کرماشانی کرد، بڕیار درا پاڵاوگەی ئاناهیتا دروستبکرێت. دوو ساڵ دواتر بەردی بناخەی پاڵاوگەکە دانرا.
هاوینی ساڵی 2015 عەلی رەبیعی، وەزیری ئەو کاتی کاری ئێران دیسان بەردی بناخەی دانایەوە، بەڵام لەو کاتەوە کارێکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ