لەگەڵ رەنج؛ 773 پزیشکی تازە دەرچوو داوای دامەزراندن دەکەن

14-04-2025
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کێشەی دانەمەزراندنی سەدان پزیشکی گشتیی تازە دەرچوو لە هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی دروستکردووە و هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی سیستەمی تەندروستی و پلەبەندیی پزیشکی.
 
پزیشکانی گشتیی کە ژمارەیان 773 پزیشکە، شەش مانگ بەسەر وەرگرتنی بڕوانامەیان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دانەمەزراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسا، دەبێت هەموو پزیشکانی گشتیی لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنەکەیان ڕاستەوخۆ دابمەزرێن، بۆ ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ ببنە پزیشکی خولاو و دواتر بۆ ماوەی ساڵێک ببنە پزیشکی پلەبەند. پاشان تایبەتمەندی لە بوارێکدا وەردەگرن کە پێویستی بە زیاتر لە چوار ساڵ خوێندنە و بە خوێندنی بۆرد ناسراوە. بەم جۆرە، ئەگەر پزیشکانی نوێ دانەمەزرێن، ئەو پلەبەندییە تێکدەچێت و سیستەمی تەندروستی بە تەواوەتی مەترسیی لەسەر دروست دەبێت، چونکە هەتاوەکو پزیشکانی نوێ دانەمەزرێن، پزیشکانی نیشتەجێی خولاو نابنە پلەبەند و پلەبەندەکانیش ناتوانن بچنە بۆرد بخوێنن.
 
جگە لەو 773 پزیشکە، 36 پزیشکی دیکەش هەن کە لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە و ئەوانیش، وەک خۆیان دەڵێن، ناویان لە نێو لیستی دامەزراواندا نییە. یەکێک لەوانە کە ئێستا لە هۆتێلێکی شاری سلێمانی کاری گارسۆنی دەکات، لەم بەرنامەیەدا بەشدار بوو و گوتی: "هیچ دکتۆرێک نییە خاوەنی ناسنامەی پزیشکی و گارسۆنیش بێت".
 
نەک هەر پزیشکانی دانەمەزراو، بەڵکو ئەوانەش کە دامەزراون، گرفتی گەورەیان هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی شوێنی مانەوەیانەوە. پزیشکێکی کچی خولاو لەم بەرنامەیەدا دەڵێت: "ڕۆژ هەبووە 8ی بەیانی بۆ 8ی شەو کارم کردووە، شەو شوێنێکی باش نەبووە لێی بمێنمەوە". پزیشکێکی نیشتەجێی خولاوی کوڕیش دەڵێت: "لە قەزایەک مامەوە 15 رۆژ خۆم نەشۆرد، تەنیا جلەکانم دەگۆڕی". نوێنەری سەندیکای پزیشکانیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت هەموو پزیشکان دابمەزرێن.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 هەزار کەسە. بەپێی قسەی نوێنەری سەندیکای پزیشکان، بۆ هەر هەزار کەسێک لە کوردستاندا 1.5 پزیشک هەیە، لە کاتێکدا لەسەر ئاستی جیهان دەبێت بۆ هەر هەزار کەسێک 1.7 پزیشک هەبێت. "واتە لە خوار پێوەرەکانەوەین و پزیشکمان کەمە".
ئەندامێکی ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی لە بەشێکی ئەم بەرنامەیەدا ئاشکرای دەکات کە وەزارەتی تەندروستی پلانی ئەوەیە بەشێک لەو پزیشکانەی دانەمەزراون بخرێنە سەر کەرتی تایبەت. بەشێک لە پزیشکانیش ئەو ڕێگایەیان پێ باش نییە. ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستانیش پێشنیاز دەکات لە وەزارەتی تەندروستی بە شێوازی لەجیاتی دانان، ئەو پزیشکانە دانەمەزراوە دابمەزرێن، واتە لە شوێنی ئەو کەسانەی لە وەزارەتی تەندروستی بوون و ئێستا نەماون، ئەو پزیشکانە دابنرێن. "تەنیا لە 2024ـدا 600 کەس لە وەزارەتی تەندروستی وازیان لە کارەکانیان هێناوە".
 
پزیشکە و لە کارگەی سەهۆڵ و هۆتێلێک کار دەکات
 
دکتۆر ئوسامە داود، کە وەک نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراوی دەرەوەی وڵات بەشدار بوو، لە دەستپێکی بەرنامەکەدا دوو ناسنامەی خۆی بەرزکردەوە و گوتی: "هیچ دکتۆرێک نییە خاوەنی ناسنامەی پزیشکی و لە هەمان کاتدا خاوەنی ناسنامەی گارسۆنیش بێت. ئێستا بۆ بژێوی ژیانم ناچار بووم لە کارگەیەکی سەهۆڵیش کار بکەم".
 
دکتۆر ئوسامە داود نۆ ساڵ لە دەرەوەی وڵات لە زانستی پزیشکیدا خوێندوویەتی و ئێستاش لە بوارێکدا کار دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی بە پسپۆڕییەکەیەوە نییە. ئەو دەڵێت: "لە کەرتی تایبەتی تەندروستیش وەرناگیرێین، چونکە دوو ساڵی ئەزموونی کارکردنمان نییە".
 
دکتۆر ئوسامە ئەوەشی نەشاردەوە کە هێشتا بە واستە پزیشک دادەمەزرێت و هەروەک خۆی گوتی: "لە مانگی یەکی 2024ـدا 20 پزیشک دامەزراوە، تەنانەت لە نێو لیستی ئێمەدا شەش پزیشک دامەزراون". دکتۆر ئوسامە داود ئەوەشی خستەڕوو کە لیستی ناوەکانیان (هی پزیشکانی دەرەوەی وڵات) لە وەزارەتی تەندروستی تەپوتۆزی لەسەر نیشتووە و نەنێردراون تاوەکوو لەگەڵ پزیشکانی دیکەی دانەمەزراو دابمەزرێن. کۆتا داواکاریی ئەو پزیشکە گەنجە ئەوەیە کە لەگەڵ پزیشکانی دیکەی دانەمەزراو ناوەکانیان جیا نەکرێتەوە. ئەو گوتیشی: "هێشتا تێناگەین بۆچی لەگەڵ پزیشکانی دیکە ئێمە جیا دەکەنەوە؟ بەپێی چ یاسایەک ئێمەیان لەگەڵ پزیشکانی دیکە جیا کردووەتەوە؟".
 
 
دوای 12 کاژێر کارکردن دانیشتم و گریام
 
پزیشکێکی کچ کە لە قۆناخی پزیشکی خولاو دایە، لە سەرەتاکانی بەرنامەکەدا باسی لە خراپیی شوێنی مانەوەیان کرد لە قەزا و ناحییەکان کە خراپترین شوێنیان هەیە. ئەو پزیشکە گوتی: "ڕۆژ هەبووە 8ی بەیانی بۆ 8ی شەو کارم کردووە، شەو شوێن نەبووە لێی بمێنمەوە. لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا دەستم کردووە بە گریان. بەڕاستی شوێنی مانەوەی پزیشک هەبووە هێندە خراپ بووە بە کەڵکی ئاژەڵیش نەهاتووە". پزیشکێکی دانەمەزراویش ئەوەی خستەڕوو کە ئەگەر ئیش نەکەن، کارەکانیان لەبیر دەچێتەوە. ئەو پزیشکە دانەمەزراوە گوتی: "ئەگەر لە کەرتی تایبەتیش کار بکەین، پارەیەکی کەممان دەدەنێ".
پزیشکێکی دانەمەزراوی دیکە باس لەوە دەکات ناوی "پزیشکی دانەمەزراو" شتێکی نوێیە کە حکومەت دایهێناوە. ئەو پزیشکە دەڵێت: "کە دانەمەزرێین، هەموو سیستەمی کارکردنی پزیشکی تێکدەچێت". پزیشکێکی دانەمەزراوی دیکەش ئاشکرای دەکات کە هاندانێک هەیە بۆ ئەوەی بواری تەندروستی بەرەو کەرتی تایبەت ببرێت.
 
گرفتێکی دیکەی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، کەمیی ژمارەیانە لە قەزا و ناحییەکان. هەروەک پزیشکێکی خولاو دەڵێت: "قەزا هەیە 50 هەزار دانیشتوویەتی و یەک پزیشکی نیشتەجێی خولاوی لێیە. پزیشکێک هەیە 33 کاژێر لە نەخۆشخانەیەکدا ماوەتەوە و نەخەوتووە".
 
 
پزیشکێک: 15 رۆژ خۆم نەشۆرد
 
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، پزیشکێکی خولاو باسی لەوە کرد کە لەبەر نەبوونی شوێنی مانەوەی پێویست، بۆ ماوەیەکی زۆر هەر خۆی نەشۆردووە. ئەو گوتی: "لە قەزایەک مامەوە 15 ڕۆژ خۆم نەشۆرد، تەنیا جلەکانم دەگۆڕی".
 
پزیشکێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا کە لەبەر کەمیی پزیشک لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکاندا، فشارێکی زۆری لەسەرە. ئەو گوتی: "قوربانیی یەکەم نەخۆشە، دواتر لایەنی جەستەیی و دەروونیی خۆمانە".
 
گرفتێکی دیکەی پزیشکی خولاو ئەوەیە کە پزیشکانی پسپۆڕ کەمتر دەوام دەکەن، ئەمەش لە زیانی ئەوانە، چونکە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان، دەبێت بەردەوام بۆ فێربوون ڕاوێژیان پێ بکەن. پزیشکێکی خولاو لەوبارەیەوە گوتی: "کە لە سەرووی خۆمان ناڕەزایی دەردەبڕین، تەنیا بەڕێمان دەکەن". خراپی و کارنەکردنی ئامێرەکانی تاقیگە گرفتێکی دیکەی نەخۆشخانەی قەزا و ناحییەکانە. هەروەک پزیشکێکی خولاو گوتی: "لە فریاکەوتن دەوامم کردووە، سێ ئامێری چاودێریی نەخۆش هەبووە، هیچیان ئیشیان نەکردووە. تەنانەت دەرزیی چارەسەری (خێرایی لێدانی دڵ) لە قەزاکاندا زۆر کەمە و بەردەوام گرفتە. لەسەر ئەو کەمـوکوڕییانەش نەخۆش قسە بە ئێمە دەڵێت، بەڵام وەڵام نادەینەوە، چونکە ئەوانیش گرفتیان زۆرە. زۆر پێویستە ئەو پارەیەی لە نەخۆش وەردەگیرێت، بدرێتەوە بە دەرمان و بخرێتەوە نەخۆشخانەکان تاوەکوو ئێمە بیدەینە نەخۆش، چونکە ئەگەر سەرمایەدار نەبێت، لە هەندێک ناوچە دەرمانیش نییە بیدەینە نەخۆش".
 
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا باسی کەمـوکوڕی و پێداویستیی نێو ئەمبوڵانسەکان کرا کە زۆرینەیان کەمترین پێداویستییان تێدایە. لە ماوەی ڕابردوو بەوهۆیەوە پزیشکێکی گەنج بەناوی دکتۆر قەحتان گیانی لەدەست دا. هەموو ئەو پزیشکانەی لە بەرنامەکەدا بوون لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پزیشک نابێت لە ماڵەوە دابنیشێت، چونکە ئیشەکەی لەبیر دەچێتەوە، هەر بۆیە دواکەوتنی دامەزراندنیان گرفتێکی گەورەیە.
 
بەشێکی دیکە لە پزیشکانی دانەمەزراو ئەوەیان خستەڕوو کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان کەمتەرخەم بووە لە پشتگیریکردنیان و بەدەم گرفتەکەیانەوە نەچووە. ئەوان ڕەخنەیان لە وەزارەتی تەندروستیش گرت کە بێخەمە لە ئاست گەیاندنی داواکارییەکانیان.
 
 
پێشتر ژیانی پزیشکی تازە دامەزراو چۆن بووە؟
 
دکتۆر شوان قادر، جێگری نەقیبی گشتیی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، باسی لەوە کرد ئەو کاتەی ئەو وەک پزیشکێک دامەزراوە لە ساڵی 1984، زۆرترین خزمەتگوزاری بۆ پزیشکی تازە دامەزراو هەبووە. ئەو دەڵێت: "لە 1984 کە دامەزراین، خزمەتێکیان دەکردین لە ئەورووپاش شتی وەها نەبوو".
 
دکتۆر شوان قادر ئەوە دەخاتەڕوو کە لە هەرێمی کوردستان کێشەی کەمیی پزیشکمان نییە، بەڵکوو سیستەمەکەمان پێویستی بە چاککردنە. ئەو گوتی: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 هەزار پزیشکمان هەیە، واتە بۆ هەر هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 1.5 پزیشک هەیە، ئەوەش خراپ نییە، هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهان بۆ هەزار کەس دەبێت 1.7 پزیشک هەبێت".
 
دکتۆر شوان قادر جەخت لەوە دەکاتەوە کە هۆشیاریی تەندروستیی خەڵک لە کوردستان زۆر کەمە. ئەو دەڵێت: "خەڵک هەیە بە هەوکردنێکی ئاسایی دەچێت و کۆمەڵێک دەرمانی زۆر وەردەگرێت". بەپێی زانیارییەکانی دکتۆر شوان، لە کوردستان شەش کۆلێژی پزیشکی هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ژمارەیە زیاد بکرێت. ئەو گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو 773 دەرچوومان هەبووە و تاوەکوو ئێستا دانەمەزراون، بەڵام ئێمە وەک سەندیکای پزیشکان لە 20-01-2024ـەوە نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابمەزرێن. دەبێت ئەوەش ڕوون بێت کە دامەزراندنی پزیشکان کەوتووەتە بەغدا و لە هەولێر نەماوە". شتێکی دیکە کە بۆ دکتۆر شوان قادر جێگای سەرسوڕمانە، زیادبوونی نەخۆشخانە ئەهلییەکانە. ئەو دەڵێت: "تەنیا لە هەولێر 30 نەخۆشخانەی ئەهلی هەیە، ئەو ژمارەیە زۆرە، بەڵام ئەگەر لەژێر چاودێریی وردی دەوڵەت کار بکەن باشە، وەک وڵاتانی ئەورووپا کە نەخۆشخانەی حکومی و ئەهلیش لەژێر کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی حکومەتدان".
 
وەک یارمەتییەکی پزیشکانی تازە دەرچوو، سەندیکای پزیشکان ئەندامێتیی پزیشکە نوێیەکانیانی کردووەتە بێبەرامبەر. دکتۆر شوان قادر دەشڵێت: "زۆرجار بە پارە هاوکاریی پزیشکانیشمان کردووە". لە کۆتایی قسەکانیدا، جێگری نەقیبی سەندیکای پزیشکان جەختی لەوە کردەوە کە وەک زۆربەی بوارەکانی دیکە، حیزب دەستێوەردانی لە بواری ئەوانیشدا هەیە. هەروەک گوتی: "شتێک هەبوو ویستم نەیڵێم، بەڵام هەر دەیڵێم؛ لە وڵاتان تەنیا وەزیر پۆستێکی حیزبییە و حیزب دایدەنێت، بەڵام لێرە هەموو پۆستەکان بووەتە حیزبایەتی. بە ڕاشکاوی حیزبەکان وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن و هەموو شتێک ئەوان دەیکەن".
 
 
ئێمە 15 یاسامان هەیە، عێراق 40ـی هەیە
 
دکتۆر خاڵس قادر، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان، وەک میوانێکی دیکەی بەرنامەکە ئەوەی نەشاردەوە کە کەرتی تەندروستی لە قەیرانێکدایە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە. ئاشکراشی کرد کە لە کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆشاییەکی گەورەی یاسایی هەیە. ئەو گوتی: "گرفتی گەورەمان کەمیی یاسایە لە کەرتی تەندروستیدا. لە کوردستان 15 یاسای تەندروستیمان هەیە، عێراق 40 یاسای هەیە. بەڕاستی کە نەمانتوانیوە چارەسەری کێشەکان بکەین، یەکێک لە هۆکارەکان یاسایە. لەبەرئەوەی یاسامان نییە، ئیشەکان بە ڕێنمایی دەڕوات، ڕێنماییش بەپێی ویستی بەرپرسەکان دەگۆڕێت. ئێستا بۆ پزیشکان بە خراپی لەسەر یاسای پلەبەندیی پزیشکیی عێراق کار دەکەین".
 
دانەمەزراندنی پزیشکان لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2000، دەبێت هەموو پزیشکێک دابمەزرێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەم ڕاوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان، لە ئاستی جیهان بۆ هەر هەزار کەسێک 1.7 پزیشک هەیە، بەڵام لە کوردستان ژمارەکە لەوە کەمترە و 1.5ـە، لە کاتێکدا لانی کەم دەبێت بۆ هەر 500 کەسێک پزیشکێک هەبێت. ئەو گوتیشی: "تاوەکوو سێ ساڵی دیکەش پێویستمان بەوەیە هەموو پزیشکان دابمەزرێن". سەبارەت بەو پێشنیازەش کە هەیە بەشێک لە پزیشکانی نوێ ببرێنە کەرتی تایبەت، دکتۆر خاڵس قادر ئەوەی ڕوونکردەوە کە بۆ ئەو کارە پاڵپشتیی یاساییان نییە. ئەو گوتی: "کەرتی تایبەتیش ئەوەی قبووڵ نییە پزیشکی بۆ بنێرین".
 
دکتۆر خاڵس قادر پێشنیازی ئەوەش دەکات ئەو پزیشکانەی دانەمەزراون، بە لەجیاتی دانان شوێنیان پڕ بکرێتەوە. ئەو دەڵێت: "دەتوانین بە لەجیاتی دانان لە کەرتی تەندروستی خەڵک دامەزرێنین. تەنیا لە 2024ـدا 600 کەس لە کەرتی تەندروستی ڕۆیشتووە و کەس جێگای نەگرتووەتەوە. دەکرێت پزیشک و کارمەند لە شوێنیان دابنێین".
 
 
"سەندیکای پزیشکان پشتیوانمان نەبووە"
 
دکتۆر شکۆ شێرکۆ، نوێنەری دەرچووانی پزیشکانی دانەمەزراوان، میوانێکی دیکەی بەرنامەکە باسی لەوە کرد کە سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە هیچ بوارێکدا پشتیوانیان نەبووە. ئەو گوتی: "سەندیکای پزیشکان دانی بەوەدا نەناوە کە دامەزراندنی ئێمە پێویستە".
 
دکتۆر شکۆ شێرکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە لە عێراق پزیشکانی تازە دامەزراو ساڵێک دەبنە پزیشکی خولاو، بەڵام بۆ ئەوان بووەتە دوو ساڵ. سەبارەت بە چوونەدەرەوەشیان بۆ کارکردن، دکتۆر شکۆ باسی لەوە کرد کە لە ئەورووپاش ئەگەر دوو ساڵ ئەزموونی پزیشکیت نەبێت، کارت نادەنێ. ئەو گوتیشی: "لە کەرتی تایبەتیش وەرناگیرێین، چونکە دوو ساڵ کاری ئەزموونمان نییە".
 
ژمارەی پزیشکان لە بەشێکی جیهان و کوردستاندا
 
دکتۆر ڕەهێڵ ئەحمەد، کە وەک نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە بەرنامەکەدا بەشدار بوو، جەختی لەوە کردەوە کە لە کوردستاندا ژمارەی پزیشکمان زۆر نییە. بەپێی پێوەرەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ 10 هەزار کەس لانی کەم 10 پزیشک پێویستە. لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا بۆ 10 هەزار کەس 32 پزیشک هەیە، لە ئەمریکاش بە هەمان ژمارە کەس 33 پزیشک هەیە و لە ئەڵمانیاش 39 پزیشک بۆ 10 هەزار کەس هەیە. دکتۆر ڕەهێڵ ئەحمەد دەڵێت: "لە کوردستان بۆ 10 هەزار کەس کەمتر لە هەشت پزیشک هەیە، ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە. ئەوە لە کاتێکدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت باشترین شت ئەوەیە بۆ 10 هەزار کەس 35 پزیشک هەبێت".
 
دکتۆر ڕەهێڵ ئەحمەد ئەوەش دەخاتەڕوو کە نابێت دامەزراندن لە خوێندنی پزیشکی جیا بکرێتەوە. ئەو گوتی: "بەپێی یاسا، دەبێت 24 مانگ پزیشکی خولاو بین، دواتر دەبێت 12 مانگ پزیشکی پلەبەند بین، دواتر دەبینە پزیشکی ڕاهێنراو، دوای ئەوەش بۆ پزیشکی تایبەتمەند. ئێ ئەگەر دامەزراندن نەبێت، ئەو پلەبەندییە تێکدەچێت". هەر بەپێی قسەی ئەو پزیشکە، کەمیی پزیشک بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک بنکەی تەندروستی پزیشکی هەر نەبێت. ئەو پزیشکە ئەوەشی خستەڕوو کە لە نەخۆشخانەیەک کاری کردووە ئامێری هێڵکاریی دڵەکە کاری نەکردووە. دکتۆر ڕەهێڵ ئەحمەد دەشڵێت: "پارتی و یەکێتی سۆسیال دیموکراتن، دەبێت خوێندن و تەندروستییان بێبەرامبەر بێت، بەڵام کارەکان بەرەو کەرتی تایبەت دەڕوات".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، دکتۆر ڕەهێڵ ئەحمەد هۆشداریی دایە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "حکومەت ناترسێت لەوەی ئێمە بڕۆینە دەرەوەی وڵات خزمەت بکەین؟".
 
 
بەشێک لە پزیشکان دەخرێنە سەر کەرتی تایبەت
 
دکتۆر ئازاد مستەفا، کە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی لە بەرنامەکەدا بەشدار بوو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە پلانێک لە وەزارەتی تەندروستی هەیە ئەو پزیشکانەی دانەمەزراون، بەشێکیان بخرێنە سەر نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت، واتە کەرتی تایبەت مووچەیان پێبدات. ئەو گوتی: "پلانەکە بەو جۆرەیە، بەشێک لە پزیشکانی دانەمەزراو دەخرێنە سەر کەرتی تایبەت وەک چارەسەرێکی کاتی، بەڵام باشترین شت ئەوەیە حکومەت ئەو پزیشکانە سەرجەمیان دابمەزرێنێت".
 
دکتۆر ئازاد مستەفا ئەوەی نەشاردەوە کە لە کردنەوەی کۆلێژە پزیشکییەکان بێپلانییەکی زۆر هەیە. دکتۆر ئازاد مستەفا گوتی: "وەزارەتی خوێندنی باڵاش نازانێت ئەو هەموو کۆلێژە پزیشکییە بۆ دەکاتەوە؟".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دکتۆر ئازاد مستەفا ئاماژەی بەوەدا ئەوان لە وەزارەتی تەندروستی خاوەن بڕیار نین. ئەو گوتی: "من وەک خۆم دنیایەک ڕەخنەم لە وەزارەتی تەندروستی هەیە".
 
سەبارەت بەو کێشانەش کە پزیشکان لە بەرنامەکەدا باسیان کرد، دکتۆر ئازاد مستەفا ئەوەی خستەڕوو هەموو ئەو کێشانەی ئەو پزیشکانە باسی دەکەن، خۆی بە زیاترەوە بینیوێتی، تەنانەت پزیشکی موقیمی دیوە لەلایەن کەسوکاری نەخۆشەوە لێیدراوە و سەندیکای پزیشکانیش قسەیەکی نەبووە. گوتیشی: "بۆ کێشەی پزیشکانی دەرەوەی وڵات کە هێشتا دانەمەزراون، دەبمە پارێزەریان و لە وەزارەت بەدواداچوونیان بۆ دەکەم. بەڕاستی دەبێت خەمی ئەم پزیشکانە بخورێت، چونکە پزیشکێک هەتا پێدەگات، 3 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت".
 
لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کارکردن بۆ پزیشکانیش، دکتۆر ئازاد مستەفا ئەوەی ڕوونکردەوە کە داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە ئەوە قبووڵ نەکەن پزیشکێک لە چەند شوێنێکی جیاجیادا نۆرینگەی هەبێت. ئەو گوتیشی: "ڕووبەڕووی یاسا بوومەوە لەبەر ئەوەی نەمهێشت نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە هەڵەبجە بکرێتەوە. بەداخەوە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە". سەبارەت بە ئەمبوڵانسەکانی نەخۆشخانە حکومییەکانیش، ئەوەی نەشاردەوە کە زۆرینەیان زۆر خراپن و لە ئاستی پێویستدا نین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی نزای نیشتمانی

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین، ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."