رووداو دیجیتاڵ
رۆژانی 1 و 2ی ئاداری 2023دا، ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بە ناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی لێكۆڵینەوە و دامەزاروەی نیوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات.
ناوەند و دامەزراوەکانی وەك پەیمانگەی واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، ئەتلانتیک کاونسڵ، ویڵسن سەنتەر، مێزگردی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی، سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شام، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئیتاڵی، ئۆرسام، ئیرام، قەمەر ئینێرجی، ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڤیژن ئیجوکەیشن، سید فاوندەیشن و فایڤ وەن لاب، هاوبەشی سەرەكیی کۆڕبەندی هەولێر 2023ن و، بەشدارن لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی چالاكییەكانی دووەمین كۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر.
جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا تێپەڕدەبن و كوردستانیش لەنێو جەرگەی ئەم گۆڕانەدایە. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندی هەولێر 2023 لەسەر بنەمای ئەو خاڵانەی وەرچەرخان داڕێژراون كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
رۆژانی 28ـی شوبات بۆ 2ـی ئادار، پایتەختی هەرێمی کوردستان بڕیاربەدەستان و داڕێژەرانی بڕیار بە هاوبەشی لەگەڵ دەیان پسپۆڕ و لێکۆڵەرانی نیوخۆیی و دەرەكیش لە مێزگرد، گوتار، چاوپێكەوتنی تایبەت و پانێڵەكانی كۆڕبەندی هەولێر 2023دا گفتوگۆ لەسەر تەوەرە جیاوازەکانی پەیوەست بە گۆڕانکارییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەكەن.
بڕیارە هەر یەکە لە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەیمس جێفری، نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران لە پانێڵەکاندا بەشداربن و گوتاریان هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ