حیزب و بەربژێرەکان چەند پارەیان لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیان لە فەیسبووک خەرجکردووە؟

12-10-2024
ساڵح قادر @salihqadr
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 24 کاژێردا، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل زۆرترین پارەی بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستەکانی لە فەیسبووک خەرجکردووە، لەدوای ئەویش لیستی بەرەی گەل و لیستی puk129 زۆرترین پارەیان خەرجکردووە. 120 بەربژێر و لیستیش لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە تێکڕا زیاتر لە 85 هەزار دۆلاریان لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیان خەرجکردووە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی رووداو لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیای مێتا وەریگرتوون تەنیا لە فەیسبووک، لە ماوەی رۆژێکدا لاهوور شێخ جەنگی، 1,083 دۆلاری لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانی خەرج کردووە، دوای ئەویش بەرەی گەل 688 دۆلار و لیستی puk129 بە خەرجکردنی 559 دۆلار لە پلەی سێیەم دێن.
 
دوایین داتای کۆمپانیای مێتا کە لەبارەی سپۆنسەرکردنی پۆستەکانی فەیسبووک لە هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، 9-10-2024ـە، کە زۆربەی پۆستە سپۆنسەرکراوەکان، لیستەکان، بەربژێر و کەناڵەکانی راگەیاندنن.
 
رۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە 1191 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر 100 کورسی دەکەن، یەکێک لەو رێگایانەی بەربژێر و لیست و هاوپەیمانیێتییەکان بۆ بانگەشە بەکاریدەهێنن، سۆشیاڵمیدیایە. هەندێکیان بۆ ئەوەی پۆستەکانیان زۆرترین بینەری هەبێت، سپۆنسەریان دەکەن.
 
لە پۆستە سپۆنسەرکراوەکانی رۆژی نۆی مانگ چەندین پۆستی لیست و بەربژێرەکان دەبینرێن. لەوانە: خالید عەباس حاجی ئاغای سەرسیان، بەربژێری پارتی 402 دۆلار. شوان داودی، بەربژێری یەکێتی 225 دۆلار. میران محەممەد، بەربژێری یەکێتی 179 دۆلار. شەهرام عەلی کەژۆ، بەربژێری پارتی 164 دۆلار. بوخاری جەمیل، بەربژێری یەکگرتوو 160 دۆلار. باوەڕ فارس باوە، بەربژێری پارتی 141 دۆلار. رەوەز ئەحمەد شا، بەربژێری یەکێتی 136 دۆلار. عومەر گوڵپی، بەربژێری کۆمەڵ 129 دۆلار. ئەیاد حاجی نامیق، بەربژێری پارتی 122 دۆلار. سەمیرە حەسەن حەمید، بەربژێری پارتی 114 دۆلار، پەرێز عومەر، بەربژێری یەکێتی 102 دۆلار، مەرد عەلی خاڵە، بەربژێری پارتی 101 دۆلار.
 
هەروەها چەندین بەربژێر 100 دۆلار یان کەمتر لە 100 دۆلاریان لە پۆستەکانیان خەرجکردووە.
 
لە نۆی ئۆکتۆبەر زۆرترین پۆستی سپۆنسەرکراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، بەهای پۆستە سپۆنسەرکراوەکان، کە زۆربەیان هی لیست و بەربژێرەکان بووە لە سلێمانی، گەیشتووەتە 7 هەزار و 993 دۆلار، هەولێر 7 هەزار و 168 دۆلار و دهۆکیش 2 هەزار و 308 دۆلار.
 
پۆستە سپۆنسەرکراوەکان لە هەفتەیەکدا
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا، بەهای هەندێک لە پۆستە سپۆنسەرکراوەکانی لیست و بەربژێرەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا لە 3 تاوەکو 9ـی ئۆکتۆبەر لە فەیسبووک بەو جۆرە بووە:
 
پۆستەکانی لیستی 129ـی یەکێتی 3 هەزار و 918 دۆلار، لاهوور شێخ جەنگی 3 هەزار و 353 دۆلار. بەرەی گەل 2 هەزار و 588 دۆلار. 
 
میران محەممەد عەباس، بەربژێری یەکێتی، هەزار و 988 دۆلار. خالید عەباس حاجی ئاغای سەرسیان، بەربژێری پارتی هەزار و 485 دۆلار. شەهرام عەلی کەژۆ، بەربژێری پارتی هەزار و 294 دۆلار. شاڵاو کۆسرەت رەسوول، بەربژێری یەکێتی هەزار و 265 دۆلار. شنۆ عەبدوڵڵا، بەربژێری کۆمەڵ هەزار و 77 دۆلار. عومەر گوڵپی، بەربژێری کۆمەڵ 797 دۆلار. مەرد عەلی خاڵە، بەربژێری پارتی 795 دۆلار. ئەیاد حاجی نامیق، بەربژێری پارتی 669 دۆلار. هەڵگورد شێخ نەجیب، بەربژێری پارتی 644 دۆلار. دانا ئامانج نەجیب، بەربژێری لیستی بابلیون 615 دۆلار. رەوەز ئەحمەد شا، بەربژێری یەکێتی 609 دۆلار. مەلا ئیدریس ژاڵەیی، بەربژێری یەکێتی 582 دۆلار. بەختیار بێسەری، بەربژێری پارتی 567 دۆلار. سەمیرە حەسەن حەمید، بەربژێری پارتی 543 دۆلار. سامان جەمیل بۆیا، بەربژێری کۆتای مەسیحی، 543 دۆلار. باوەڕ فارس باوە، بەربژێری پارتی 543 دۆلار و چەندین بەربژێریش لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا کەمتر لە 500 دۆلاریان خەرجکردووە.
 
لە ماوەی هەفتەیەکدا زۆرترین پۆستی سپۆنسەرکراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، بەهای پۆستە سپۆنسەرکراوەکان، کە زۆربەیان هی لیست و بەربژێرەکان بوون لە سلێمانی گەیشتووەتە 51 هەزار و 839 دۆلار، هەولێر 43 هەزار و 222 دۆلار و دهۆکیش 14 هەزار و 411 دۆلار بووە.
 
پۆستە سپۆنسەرکراوەکان لە مانگێکدا
 
بەپێی داتاکانی مێتا لە ماوەی مانگێکدا واتە لە 10ـی سێپتێمبەر تاوەکو 9ـی ئۆکتۆبەر لە فەیسبووک، لاهوور شێخ جەنگی زۆرترین پارەی لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیدا خەرج کردووە، کە 5 هەزار و 89 دۆلار بووە. لیستی puk129ـی یەکێتی 5 هەزار و 39 دۆلار. خالید عەباس حاجی ئاغای سەرسیان، بەربژێری پارتی 5 هەزار و 230 دۆلار. بەرەی گەل 4 هەزار و 332 دۆلار. شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، بەربژێری یەکێتی 3 هەزار و 531 دۆلار. میران محەممەد، بەربژێری یەکێتی 3 هەزار و 310 دۆلار. شەهرام عەلی کەژۆ، بەربژێری پارتی 3 هەزار و 102 دۆلار. عومەر گوڵپی، بەربژێری کۆمەڵ 2 هەزار و 491 دۆلار. مەرد عەلی خاڵە، بەربژێری پارتی 2 هەزار و 340 دۆلار. بەختیار بێسەری، بەربژێری پارتی 2 هەزار و 58 دۆلار. جەبار گۆران، بەربژێری یەکێتی هەزار و 760 دۆلار. باوەڕ فارس باوە، بەربژێری پارتی  هەزار و 626 دۆلار. نادر مەلا سەفی، بەربژێری یەکێتی هەزار و 393 دۆلار. شنۆ عەبدوڵڵا، بەربژێری کۆمەڵ هەزار و 370 دۆلار. رەوەز ئەحمەد شا، بەربژێری یەکێتی هەزار و 307 دۆلار. دانا ئامانج نەجیب، بەربژێری لیستی بابلیون هەزار و 122 دۆلاری خەرج کردووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرەکانیش 1000 یان کەمتر لە 1000 دۆلاریان لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیاندا خەرج کردووە.
 
لە ماوەی مانگێکدا زۆرترین پۆستی سپۆنسەرکراو لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، بەهای پۆستە سپۆنسەرکراوەکان، کە زۆربەیان هی لیست و بەربژێرەکان بووە، لە سلێمانی گەیشتووەتە 110 هەزار و 77 دۆلار، هەولێر 92 هەزار و 609 دۆلار و دهۆکیش 29 هەزار و 92 دۆلار بووە.
 
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا لە فەیسبووک، 122 بەربژێر و لیست زیاتر لە 100 دۆلاریان لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیان خەرجکردووە، تێکڕای پارەی خەرجکراویشیان لە ماوەی مانگێکدا 85 هەزار و 840 دۆلار بووە. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێران 100 دۆلار یان کەمتریان لە سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیان خەرجکردووە.
 
بڵند نەورەس، خاوەنی کۆمپانیای نای بۆ کاروباری میدیایی، کە سپۆنسەری بۆ ژمارەیەک بەربژێر کردووە بە رووداوی راگەیاند، سپۆنسەر کاریگەریی بەرچاوی دەبێت بۆ ناساندنی بەربژێر، بە جۆرێک ئەگەر بەربژێر سپۆنسەر بۆ پۆستەکانی یان پەیجەکەی نەکات، زۆر بە کەمی خەڵک دەیناسێت.
 
خاوەنی کۆمپانیای نای، ئاماژەی بەوە دا بەو پێیەی بەربژێرەکان بەسەر چوار بازنەدا دابوون، بەربژێرەکان بەگوێرەی جوگرافیای بازنەکانیان داوای سپۆنسەر دەکەن، واتە پۆستەکانیان زیاتر لە بازنەکانیان دەبینرێن.
 
بڵند نەورەس گوتی "سیاسەتی کۆمپانیای مێتا بۆ سپۆنسەرکردنی پۆستی سیاسی جیاوازە لە پۆستی ئاسایی، مێتا پاکێجی سیاسی هەیە، کەسی سیاسی دەبێت خۆی بناسێنێ، زانیاری و وێنەی پاسپۆرتەکەی بنێرێت بۆ کۆمپانیای مێتا، دوای 48 کاژێر وەڵامی دەدرێتەوە، کە ئایا دەتوانێت پۆستەکانی سپۆنسەر بکات یان نا، ئەویش لەبەر دوو ئامانجە، یەکەمیان رێگری لە سپیکردنەوەی پارە و دووەمیش رێگری لە ناوزڕاندن."
 
جگە لە پلاتفۆرمەکانی کۆمپانیای مێتا، بەربژێر و لیستەکان لە رێگەی تیکتۆکیشەوە بانگەشە دەکەن. بڵند نەورەس گوتی "زۆربەی ئەوانەی داوای سپۆنسەرکردنی پۆستەکانیان لە پلاتفۆرمەکانی مێتا دەکەن، داوای سپۆنسەرکردن لە تیکتۆکیش دەکەن، بەڵام تیکتۆک کێشەی ئەوەیە پارتنەری لە عێراق نییە، دەبێت ئەکاونتێکی سپۆنسەرکردن لە دەرەوەی عێراق بکڕی، ئەوەش هیچ گەرەنتییەکی نییە و لەوانەیە دابخرێت." گوتیشی: "هەرچەندە پۆستە سپۆنسەرکراوەکانی تیکتۆک زیاتر دەبینرێن، بەڵام خەڵکی دەنگدەر کەمتر لە نێو تیکتۆکە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.