لە ساڵێکدا 80 زێدەڕۆیی کراونەتە سەر شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان

12-08-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش هەزار شوێنەواری مێژوویی تۆمارکراون، بەڵام پۆلیسی تایبەت بە پاراستنی ئەو شوێنەوارانە نییە. بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە یەک ساڵدا 80 زێدەڕۆیی کراوەتە سەر شوێنەوارەکان.
 
بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، داوای پۆلیسی پاراستنی شوێنەوار کراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر داوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.
 
تەنیا 48٪ی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنەوار رووپێو کراوە
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-08-2024، کەيفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2011ـەوە دەست بە رووپێویی شوێنەواری کراوە و تائێستا نزیکەی 48٪ی هەرێمی کوردستان رووپێوی کراوە و دەرکەوتووە شەش هەزار شوێنەواری دێرین هەن. 
 
تەنیا قەڵای هەولێر لە یونسکۆ تۆمارکراوە و "عێراق رێگرە"
 
هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان دا هەزاران شوێنەواری دێرین و مێژوویی هەن، بەڵام تەنیا قەڵای هەولێر لە یونسکۆ تۆمارکراوە. 

 

کەيفی مستەفا دەڵێ: "بۆ تۆمارکردن لەلایەن یونسکۆوە، دەبێ شوێنەواری عێراق رەزامەندی بدات، بەڵام نایدەن. پار بانگهێشتمان کردن بۆ ئەوەی شوێنەوارەکانیان نیشان بدەین، بەڵام نەهاتن."
 
بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، عێراق لە بەرامبەر شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان خەمساردە و "بە ئەنقسەت نایەوێ لە یونسکۆ تۆمار بکرێن."
 
بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان فەوجێکی 500 کەسی پێویستە
 
لە سنووری قەزای کۆیە، 240 شوێنەوار هەن. بەڕێوەبەری شوێنەواری قەزاکە دەڵێ: حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردووە کە پاسەوان بۆ شوێنەوارەکان دابندرێ، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
 
یەکێتی واحید بە رووداوی گوت، دەبێ پاسەوانەکان راهێنراو و شارەزا بن و لە هەموو شار و شارۆچکەکان بنکەیان هەبێ؛ "داوای تێلبەند و دامەزراندنی پاسەوان و کەسی شارەزامان کردووە."
 
لە ساڵی 2011ـەوە داوای دامەزراندنی پۆلیسی شوێنەوار کراوە و لە ساڵی 2012 رەزامەندیی لەسەر دراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە. بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێ: "هەوڵمانداوە لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری قەزاکان چاودێری شوێنەوارەکان بکەین."
 
رووپێوی باش بکرێت زیاتر لە 10 هەزار شوێنەوار هەن
 
بە هۆکاری مرۆیی و سرووشتی هەندێک لە ناوچە شوێنەوارییەکان تێکچوونە و هەندێکی دیکەش مەترسییان لەسەرە.  بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر رووپێویەکی باش بکرێت، سەرووی 10 هەزار ناوچەی شوێنەواری هەن، لە 13 ساڵی رابردووشدا 3000 ناوچەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە و تۆمارکراون، پێشتریش لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار ناوچەی شوێنەواری تۆمارکرابوون."
 
لە هەرێمی کوردستان 9 بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هەن
 
لە هەرێمی کوردستان نۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و دوو فەرمانگە و چەند بنکەیەک هەن. 
 
بەڕێوەبەری گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان دەڵێ: "یاسای ژمار 5ـی ساڵی 2021 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، بۆ شوێنەوار، لەڕووی پاراستن و سزاکان سزای زۆر قورسی تێدایە و زۆرباشە، بەڵام ئێمە پێمان باشبوو لەناو یاساکە دەرفەت بە کەرتی تایبەت بدرابایە، چونکە یاساکانی پێشووی شوێنەواری عێراق رێگەی بە کەرتی تایبەت نەداوە، بۆ پاراستن و سوودوەرگرتن لە ناوچە شوێنەوارییەکان بێنەپێشەوە."
 
لە ساڵێکدا 80 زێدەڕۆیی کراوەتە سەر شوێنەوارەکان و 31 سکاڵا تۆمارکراون
 
ئێوارەی 09-08-2024  لە سنووری قەرەداخ شەڕەتەقەیەک روویدا و سەرەتا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: چەکدارەکان "ویستوویانە شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچەکە دەربهێنن و بیبەن."
 
لەو رووبەڕووبوونەوەدا دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی شەممە، 10-08-2024، رەئووف کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداخ بە رووداوی گوت: لە شوێنەکەدا ژمارەیەک ئامێر جێهێڵدراون کە پێدەچیت مەبەست لێیان بەکارهێنانیان بووبێت بە مەبەستی دزینی شوێنەواری نەرامسین.
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەریەتیی گشتيی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023دا 215 بەدواداچوون بۆ شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان کراوە و دەرکەوتووە 80 زێدەڕۆیی کراوەتە سەریان.
 
کەيفی مستەفا دەڵێ: هەندێک لە زێدەڕۆییەکان بەهۆی کشتوکاڵ بووە و بەشێکیشیان بۆ بردن و فرۆشتن بووە. 
 
هاوکات، یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە دەڵێ: چەندین کەیسمان لە دادگەیە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر شوێنەوار. 
دەشڵێت: "گرێبەستمان لەگەڵ تیمەکانی کنە و پشکنین هەیە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار، بەڵام ئەمە بەس نییە و دەبێ دوای دۆزینەوە بپارێزرێن." 
 
لە سۆران لە نۆ مانگدا 12 کەس بەتۆمەتی مامەڵەکردن بە پارچەی شوێنەوارییەوە دەستگیرکراون
 
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لەو بابەتانەی بەردەوام رووبەڕووی دەبنەوە، هەڵکەندن و هەڵدانەوەی ئەو شوێنانەیە کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پارچەی شوێنەوارییان تێدا بێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران، لەماوەی نۆ مانگدا (لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە تاوەکو تەممووزی 2024) 12 کەس دەستگیرکراون کە کاری هەڵکۆڵینی نایاسایی و مامەڵەیان بە پارچەی شوێنەواری کردووە و بەگوێرەی جۆری کەیسەکانیان سزا دەدرێین.
 
هەر کەسێک پارچەی شوێنەوار بدۆزێتەوە پاداشت دەکرێت
 
عەبدولوەهاب سلێمان، لەبارەی دۆزینەوەی پارچەی شوێنەواری هۆشداری بە هاونیشتمانیان دەدات و دەڵیت: "بەگوێرەی یاسای شوێنەوار، ئەگەر کەسێک پارچەیەکی شوێنەواری بدۆزێتەوە، پێویستە لەماوەی 48 کاژێر لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە، لەکاتی دۆزینەوەی هەر پارچەیەکی شوێنەواری، بەگوێرەی بەهای پارچەکە کەسەکە پاداشت دەکرێت و ئەگەر فەرمانبەریش بێت رێز و سوپاسی بۆ دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران دەشڵیت: "ناوچەکەی ئێمە زۆر هەستیارە، بەهۆی ئەوەی هاوسنووری ئێران و تورکیاین و هەندێک شوێن هەن هێزی دیکەیان لێیە و لەو ناوچانە هەڵکۆڵین دەکرێت."
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 200 ناوچە و شوێنی شوێنەواری لەسنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراون، عەبدولوەهاب سلێمان دەڵێت: "تاوەکو ساڵی 2006، تەنیا 51 شوێنی شوێنەواری تۆمارکرابوو، بەڵام ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران، نزیکەی 1200 شوێن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا نزیکەی 70٪ی سنووری ئیدارەی سۆران رووپێوی شوێنەواری بۆ نەکراوە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە نزیکەی 58 شوێنیان لەلایەن زانکۆی ئۆتۆنۆمسی بارسێلۆنای ئیسپانی تۆمارکراون. "بۆ کاری کنە وپشکنین نزیکەی پێنج تیمی زانکۆکانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا هاوکارمانن."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران گوتیشی: "لەو 1200 شوێنەوارەی تۆمارکراون، تەنیا دوو شوێنیان (ئەشکەوتی شانەدەر و ئەشکەوتی بەستوون لە برادۆست) گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن وەکو شوێنێکی گەشتیاری مێژوویی و پێویستمان بەوەیە شوێنە شوێنەوارییەکان بکرێنە شوێنی گەشتیاری."
 
شوێنەوارەکان نەکراونەتە ناوچەی گەشتیاری
 
کەیفی مستەفا ئەوەشی خستەڕوو، کە تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە شوێنەوارەکان بکەنە ناوچەی گەشتیاری و ببنە سەرچاوەی داهات، بە گوتەی ئەو "یەکێک لە رێگرییەکانیش ئەوەیە دامەزراوەی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان ناتوانێت بڕیار بدات، بۆیە پێیان وایە ئەگەر دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت دەتوانن زۆر شتی باش بۆ شوێنەوارەکان بکەن."
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیەش دەڵێ: "دەکرێ بە بازرگانی بکرێن و ببنە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە