رووداو دیجیتاڵ
دەنگۆ لەنێو دانیشتووانی گوندی کەپران لە سنووری گوێڕ بڵاوبووەوە کە گوایە لە ناوچەکەیاندا چەکداری داعش بینراون، بەڵام فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە میحوەرەکە دەڵێت، دوو جار کێوماڵی ناوچەکەیان کردووە و هاونیشتمانیان دڵنیا دەکاتەوە کە ناوچەکە ئارامە و هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەک رووینەداوە.
رۆژی هەینی، 12-05-2023، مقەدەم هیمداد زیارەتی لە هێزی کۆماندۆ لە بوولتەنی کاژێر 17:00 بە بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناوچەی گوێڕ هێزی پێشمەرگەی تێدا جێگیرە و هیچ چەکدارێکی داعش لەم ناوە نەبینراوە و دڵنیایی دەدەین بە دانیشتووانی خەڵکی گوێڕ کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە ئارامە".
هاونیشتمانییەکی گوندی کەپران بە پەیامنێری رووداوی گوت، دوو شەوە خەڵک بەهۆی ئەو دەنگۆیەوە نەخەوتوون و باس لەوە دەکرێت کە "دوو ماڵ گوندەکەیان جێهێشتووە، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە و تێناگەم ئەو خەڵکە بۆ پەشۆکاون".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەش کە دەنگی تەقە لە نزیک گوندی کەپران بیستراوە، مقەدەم هیمداد زیارەتی گوتی، ئەگەر شەڕ و پێکدادانێک بووبێت لەدیوی سوپای عێراقەوە بووە و دەشڵێت، "ناوچەی پشت کەپران سنووری مادەی 140ـە و ئەو کەسانەش کە دەنگۆی بوونی مەترسی لەم ناوچەیە بڵاودەکەنەوە، دژی بوونی هێزی پێشمەرگەن لەم ناوچەیە؛ بۆیە دڵنیایی دەدەینە خەڵکی گوێڕ تاوەکو پێشمەرگە لەم سنوورە بێت، ئەوان پارێزراون و ئێستاش هیچ مەترسییەک لەم ناوچەیە نییە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، دوای ئەو دەنگۆیانە، ئەوان دوو جار کێوماڵی ناوچەکەیان کردووە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "لە شەوی رابردووەوە هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش دەستیان کردووە بە کێوماڵی هەموو ناوچەکە و بەیانی ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە کاژێر 07:30ـەوە کێوماڵی ناوچەکەمان کردووە و دڵنیابووینەوە کە ناوچەکە ئارامە و هیچ چەکدارێکی لێ نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ