راوێژکاری ئابووریی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق: کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆنسوڵخانە لە هەولێر دەکەینەوە

12-05-2023
پەیمان محەممەد
لۆزان گەردی، راوێژکاری ئابووریی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق
لۆزان گەردی، راوێژکاری ئابووریی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئابووریی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق دەڵێت، زیاتر لە 50 کۆمپانیای نەمسا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن. دەشڵێت، بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023 لۆزان گەردی، راوێژکاری ئابووریی باڵیۆزی نەمسا لە عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژان ئەبوبەکر و هەوار جەلالەدین پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەمسا زیاتر لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن و ژمارەیان 55 کۆمپانیا دەبێت.
 
لۆزان گەردی ئاماژەی بەوەش کرد، لە عێراقیش 12 کۆمپانیای نەمسا وەبەرهێنان دەکەن، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە، زیاتر لە هەرێمی کوردستانن.
 
ئۆفیسی ئابووریی باڵیۆزخانەی نەمسا لە ساڵی 2010وە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوەتەوە، ئۆفیسەکە ئاسانکاری بۆ هاتنی کۆمپانیاکانی نەمسا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، بۆئەوەی لە کەرتە جیاجیاکاندا وەبەرهێنان بکەن.
 
رێدبوول کە خواردنەوەیەکی وزەبەخشە، یەکێک لە گرنگترین مارکەکانی نەمسایە و لە هەرێمی کوردستانیش خواستێکی زۆری لەسەرە.
 
ئۆفیسی ژووری بازرگانیی ئەو وڵاتە لە عەمانە، کە سووریا، لوبنان و عێراق لەخۆدەگرێت. لۆزان گەردی گوتی، ''لەم چوار وڵاتە، عێراق ئەکتیڤترینە و زۆربەی کۆمپانیاکان پەیوەندی بە عێراقەوە دەکەن.''
 
لۆزان گەردی ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستانیشەوە کاڵا هەناردەی نەمسا دەکرێت، لەوانەش نەوت و رەژووی بە نموونە هێناوە و دەشڵێت، لە نەمسا زۆر پێداگر بوون بۆئەوەی هەناری هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکە بنێردرێت.
 
سەبارەت بە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی نەمسا لە هەرێمی کوردستان، راوێژکارەکەی باڵیۆزی نەمسا گوتی، ''لە پلانماندایە لە مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا، کۆنسوڵخانە لە هەولێر بکەینەوە.''
 
نەمسا لە کەرتی تەندروستیدا وڵاتێکی پێشکەوتووە، هەندێک کەس بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن، لۆزان گەردی لەوبارەوە گوتی، رێککەوتن کراوە ''جێتێک''ی تایبەتی فریاکەوتن بنێردرێتە هەرێمی کوردستان کە هەموو پێداویستییەکانی فریاکەوتن، ستافی شارەزا و پزیشکی پسپۆڕی تێدایە و لە کاتی هەبوونی نەخۆشێکی تایبەت، لە ماوەی هەشت کاژێردا، لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەنێردرێتە نەمسا و چارەسەری خۆی وەردەگرێت.
 
ئەو راوێژکارەی باڵیۆزی نەمسا باسی لەوەش کرد، هەر لە رێگەی ئەوانەوە، ئاسانکاری دەکرێت کە قوتابیان بتوانن لە هەندێک بواردا، لە زانکۆکانی نەمسا درێژە بە خوێندن بدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.