رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-5-2022، بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غاز لە کافتریایەکی شەقامی سالمی سلێمانی 14 کەس برینداربوون کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە و پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
سامان لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی بریندارەکان گەیشتوونەتە 14 بریندار و تەندروستییان جێگیرە. چوار لە بریندارەکان بەهۆی سوکیی برینەکانیان رەوانەی ماڵەوە کراون، ئەوانی دیکە لە نەخۆشخانەن، بەڵام چوار کەسیان پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تاوەکو ئێستا سەرقاڵی گەڕانن لەژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەکەدا بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە کە هیچ کەسێک لەژێر باڵەخانەکەدا نەماوە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە کە چەند کەسێکی رزگارکردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆی شەش کەسی رزگارکردووە کە ئافرەتێکیان تێدابووە. گوتیشی، دووانیان دۆخیان زۆر خراپبوو و "یەکێکیان ئاگای لە خۆی نەبوو و سەری کەوتبووە ژێر ئاسنێکەوە."
بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەکەوە سەرەتا ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتبووەوە و لەلایەن هێزەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە.
بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غازەکەوە سەرەتا ئاگر لە باڵەخانەکە کەوتبووەوە و لەلایەن هێزەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکراوە.
پەیامنێری رووداو باسی لەوەشکرد، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە کە هێندە بەهێز بووە لە چەند گەڕەکێکی دەوروبەری کافتریاکە دەنگەکەی بیستراوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەنێو بریندارەکاندا دایک و منداڵێکی سێ ساڵان هەن.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەنێو بریندارەکاندا دایک و منداڵێکی سێ ساڵان هەن.
لەبارەی زیانە داراییەکانیش، جگە لە باڵەخانەی کافتریاکە، زیان بەر چەند باڵەخانە و ماڵێکیش کەوتووە. لێکۆڵینەوە و خەمڵاندنی زیانەکانیش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ