رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بۆ تاوتوێکردنى دۆخى مادەى هۆشبەر و تاوانى رێکخراو و دەستکاریکردنی لۆگۆی پارێزگاکە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ى تشرینى دووەمی 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆ دەبێتەوە، بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکە میواندارى هەردوو بەڕێوەبەرى بنبڕکردنى مادە هۆشبەرەکان و تاوانى رێکخراو دەکرێت.
ئەحمەد کەرکووکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "میوانداریکردنى ئەو دوو بەرپرسە بۆ تاوتوێکردنى دۆخى مادەى هۆشبەرە، بەوپێیەى ئەو پرسە پەیوەندارە بە هەردوو دەزگاکەوە."
یەکێکى دیکە لە خاڵەکانى کارنامەى کۆبوونەوەکە دەنگدانە لەسەر لۆگۆى نوێى پارێزگاکە، کە بڕیار بوو لە کۆبوونەوەى 12ی تشرینى دووەمی 2024 دەنگى لەسەر بدرێت، بەڵام دەنگدانەکە دواخرا.
ئەحمەد کەرکووکى گوتى: "دواخستنى دەنگدان لەسەر لۆگۆى نوێى شارەکە بۆ زیادکردنى زمانى سریانی بووە و ئەو گۆڕانکارییە لە لۆگۆکەدا کراوە و دەنگى لەسەر دەدرێت" .
12 کڵێشە بۆ لۆگۆى نوێى کەرکووک پێشکێش بە ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک کراون بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت تاوەکو جێگەى لۆگۆى پێشوو بگرنەوە.
یەکێک لە لۆگۆکان زۆرترین چانسى هەیە بۆ ئەوەى پەسند بکرێت کە لەسەر نەخشەى شارەکە دروستکراوە و چوار شوناسی تێدایە، ئاگر وەک ئاماژە بۆ سامانى نەوت، قەڵاى کەرکووک، دوو گوڵەگەنم، کۆترێک کە گەڵایەک بە دەنووکییەوەیە وەک ئاماژە بۆ ئاشتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ