رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ هەوڵی سوتاندنی ئارامگەی ئەبو عوبەیدەی جەڕاح لە هەڵەبجە درا. بەهۆی ئەوەی دەرگەی ئارامگەکە داخرابوو، تەنیا زیان بە رووکاری دەرەوەی ئارامگەکە گەیشتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-05-2021 هەوڵی سوتاندنی ئارامگەی ئەبو عوبەیدە لە هەڵەبجە درا. لەبارەی رووداوەکە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
بەپێی بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو شوێنە ئارامگەی ئەبو عوبەیدەی جەڕاحە کە دەکەوێتە گوندی عەبابەیلێ نزیک شاری هەڵەبجە، ئەندامانی ئەنجوومەنی گوندەکە لەبارەی رووداوەکەوە روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە، تێیدا سەرکۆنەی کارەکەیان کرد و رایانگەیاند، "بێگومانن ئەوە دەستێکی گێرە شێوێن و ترسنۆکانەیە".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئەنجوومەنی گوندی عەبابەیلێ داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە کە بە زوویی دەست بە دۆزینەوەی ئەو "دەستە رەشە بکەن کە دوورە لە هەموو رەوشتێکی مرۆڤایەتی".
کاروان شێخ حەمەسەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی عەبابەیلێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێموایە ئەمڕۆ کاژێر 4ـی بەیانی، کۆمەڵێک گەنجی نەزان ئەو کارەیان کردبێت و تایەیێکیان هێناوە و سووتاندوویانە، پێشتریش هەوڵی تەقاندنەوە و هەوڵوەشاندنەوەی دراوە، ئەمە بەشێکە لە ناسنامەی گوندەکەمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ