رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، پێشنیازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا رەتدەکەنەوە و سوورن لەسەر ئەوەی پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. هاوکات داوای زیادکردنی کورسیی پێکهاتەی تورکمان لە 5 کورسییەوە بۆ 7 کورسی دەکات
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی، ئەوان وەک پێکهاتەکان دابەشکردنی کورسییەکانیان بەسەر پارێزگاکاندا رەتدەکەنەوە و پێداگیریی دەکەن بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) دوو پێشنیازی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە لەبارەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان، کە ماوەیەکە بووەتە کرۆکی ناکۆکیی نێوان ئەو دوو لایەنە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشنیازی یەکەمی یۆنامی ئەوەیە کە خواستی پێکهاتەکان جێبەجێ بکرێت و بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ئەگەر ئەو دوو حیزبە لەسەر ئەو دوو پێشنیازە رێکنەکەوتن ئەوا 2 کورسیی کۆتاکان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان بکرێت کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەکیش بۆ کریستیانەکانی ئەو پارێزگایە.
ئایدن مەعرووف، کە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانیشە گوتی "رۆژی پێنجشەممە 13/4/2023 لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبینەوە لەبارەی کورسیی کۆتاکان و ئێمە بەشێک نین لە ململانێ و کێشەکانی پارتی و یەکێتی، بەڵام پێداگیری لە سیستمی یەک بازنەیی هەڵبژاردن دەکەین و رێگەنادەین کورسیی کۆتاکان بەسەر ناوچەکاندا دابەشبکرێت."
بە گوتەی مەعرووف؛ بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئەوان لە سەنتەری پارێزگای هەولێر 300 بۆ 400 هەزار تورکمان و لە قەزای کفریش 5 بۆ 10 هەزار تورکمان هەن، بۆیە داوای زیادکردنی پشکی تورکمان لە کورسیی کۆتاکان دەکەن لە 5 کورسییەوە بۆ 7 کورسی.
جگە لە کورسیی کۆتاکان، ئێستا پشکی تورکمان لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان و لایەنە تورکمانییەکان نەیانتوانی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش لەو ئەنجوومەنە رێکبکەون کە لە بنەمادا کورسییەکە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بۆ پێکهاتەی تورکمان تەرخانکراوە.
لەوبارەیەوە ئایدن مەعرووف گوتی: "سیستمی دابەشکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەڵەیە و دژی ئەوەین تورکمان لەسەر پشکی پارتی بێت و داوادەکەین تورکمان پشکی خۆی هەبێت لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندا."
ناکۆکییەکان لە کاتێکدان، رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ