prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، مەسرور بارزانی وەزارەت و دامەزراوەکانی راسپارد هەرچی زووە لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەپێی حکومەت، "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد بۆ ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ بڕی 958 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووريی هەرێمی کوردستان، بڕیاریش درا هەر لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی بکرێت".
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، کۆبوونەوەکە بەم جۆرەی خوارەوە بووە:
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، دوا پێشهاتەکانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو.
لەم بارەوە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیشکی خستە سەر ئەنجامی گفتوگۆ و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایيی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵ.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەپێناو زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە و تەواوکردنی پێداویستی و رێکارەکانی هەناردەکردن، لە هەمانکاتدا جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاراستەی هەناردەکردنەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لە دوای تەواوکردنی رێکار و پێداویستیيەکانی پرۆسەکە کە ئێستا هەر دوو وەزارەت و کۆمپانیا نەوتییەکان بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن.
بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دوو پێشنیار کە لەلایەن کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو، سەبارەت بە لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستيی تایبەت کە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتبووە. هەروەها لێخۆشبوون لە قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوو کە بۆ پڕۆژەی مامناوەمد ئەو قەرزانەیان وەرگرتبوو، بەڵام ئەو سوودمەندانە کۆچی دواییان کردووە.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ هەردوو پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسند کرد، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راسپێردران بە دەرکردنی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دیاریکردنی رۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە رۆژمێری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێکاری یاسایی و تەشریعیی پێویست لەم بارەوە بگرنەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ