رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی پارێزگار و فەرماندەی پۆلیسی دیالە، زێدەڕۆییەکەی خانەقین رووخێندرا، کە هێزێکی حەشدی شەعبی رێگری لە رووخاندنی دەکرد و بەهۆیەوە لە چەند رۆژی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
سۆزان مەنسور، نوێنەری قەزای خانەقین لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 12-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ پارێزگاری دیالە و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە بە هێزێکی زۆرەوە هاتنە خانەقین، ئەو شوێنەیان رووخاند کە بە سەرپێچی هەوڵی دروستکردنی دەدرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی پارێزگاری دیالە، دوێنێ عەدنان محەممەد شەممەری، پارێزگاری دیالە بە یاوەریی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە هەڵمەتێکی لابردنی زێدەڕۆییان لە خانەقین بەڕێوەبردووە.
پارێزگاری دیالە دووپاتیکردەوە، یاسا لە سەرووی هەموویانەوەیە و لایەنە پەیوەندارەکان بەردەوامن لە پاراستنی سیستم و موڵکی گشتی.
هەروەها راشیگەیاند، "ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی رێکخستنی شارەکان و رێگریکردنە لە زێدەڕۆییەکان. پێویستە هەمووان پابەندی یاسابن و نەرمییش لەگەڵ سەرپێچیکاران نانوێنن، کە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان دروست دەکەن."
رۆژی 5ی ئەم مانگە لە خانەقین گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك هێزی سەربازی و کۆمەڵە خەڵکێک دروست بوو.
سۆزان مەنسور لەکاتی گرژییەکەدا رووی کردە مایکی رووداو و گوتی، "رووداو، ببینە چی روودەدات؟ کەسێک هاتووە دەڵێت، من ئەم زەوییانەم کڕیوە و دەبێت هەموو گوندەکان بڕووخێنم."
ئەوانەی لە دەوری سۆزان مەنسور بوون، بەشێکیان هاواریان دەکرد "ئیرهابی" ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "من ئیرهابی نیم. خوشکی حوسێن مەنسورم."
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین رۆژی 5ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پارچە زەوییەی ئەو گرژییەی لەسەر دروستبوو، موڵکی دەوڵەتە و 2173 دۆنمە، کە دەکەوێتە سنووری 5 گوندی دەوروبەری خانەقینەوە.
جەواد فەیزوڵڵا گوتی، "17 جووتیاری خەڵکی خانەقین، لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بریکارنامەی مافی کارکردنیان لەو زەوییانە وەرگرتبوو بۆ کشتوکاڵ و چاندن، دواتر چەند جووتیارێک بریکارنامەکانیان دابووە سەرمایەدارێکی خانەقین کە ناوی حازم شەکرچییە، ئەویش دەیەوێت دووکانی کەلوپەلی پیشەسازی لەسەر زەوییەکان دروست بکات."
بە گوتەی قایمقامی خانەقین، "ئەو سەرمایەدارە لایەنی سیاسیی عەرەبی لە پشتە. ئەمڕۆ کاتێک کە شۆفڵم نارد بچن ئەو زیادەڕۆییانەی ئەو سەرمایەدارە کردوویەتی لەسەر ئەو زەوییانە، هەمووی بڕووخێنن، بەڵام لەلایەن کۆمەڵە پاسەوانێکی فەرماندەیەکی رێکخراوی بەدرەوە رێگری لە شۆفڵەکان کرا."
قایمقامی قەزای خانەقین دەڵێت، سەرمایەدارێکی خانەقین کە حیزبی سیاسیی عەرەبیی لە پشتە، دەیەوێت لەسەر زەویی موڵکی دەوڵەت، بازاڕێک دروست بکات.
قایمقامی قەزای خانەقین بەڵێن دەدات ئەو پرسە پشتگوێ نەخات و گوتی، "دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، سەرجەم ئەو زیادەڕۆییانە دەڕووخێنم و ناهێڵم ئەو کارە بەسەر زەویی دەوڵەتەوە بکرێت."
سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراق، بۆ شەوەکەی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە وگوتی ، "زۆربەی ئەو زەوییانە سەر بە وەزارەتی دارایین و لەسەر تاپۆکانیان نووسراوە، تەنیا گەنم و جۆیان تێدا بچێندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ