رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 23 هەزار خێزانی عێراقی هێشتا لە کەمپەکانی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێردا دەژین.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 12-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزارەتەکە دەرگای بۆ هەر کەسێکی ئاوارە کردووەتەوە کە خوازیار بێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی، ئێمەش کارئاسانییان بۆ دەکەین."
لە 23ی کانوونی دووەمی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەناو کەمپەکاندا، لەوانە پێدانی چوار ملیۆن دینار بە هەر خێزانێک، دابینکردنی دەرفەتی کار، دامەزراندنیان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەیان بە خواستی خۆیان بۆ ناوچەکانیان، پێدانی مووچەی مانگانە بۆ دڵنیایی کۆمەڵایەتی بۆ خاوەن داهاتی کەم و پێویست و پێدانی قەرزی بانکی بێ سوود پێیان.
عەلی عەباس گوتی، ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکان، بەڵام گەڕانەوەکە لاوازە، "پێشبینی دەکەم لەگەڵ دەستپێکردنی پشووی هاوینە و کۆتایی ئەمساڵی خوێندندا گەڕانەوەی ئاوارەکان زیاد بکات."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لە کەمپەکاندا ماونەتەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نزیکەی 23 هەزار خێزانن، لە کاتێکدا کامپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی داخراوە."
پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە 8ی ئاداری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست قەرەبووکردنەوەی ئاوارە گەڕاوەکان بۆ ناوچەکانیان دواکەوتووە.
سەبارەت بەو لوبنانییانەی کە لە کاتی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دا پەنایان بۆ عێراق بردووە، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، "زۆربەیان گەڕاونەتەوە، ژمارەیەکی کەمیان کە لە پارێزگاکانی بەغدا و کەربەلا و نەجەفن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ