بەهۆی "خراپیی مامەڵەیان" هەولێر چیدیکە سەگی بێلانە لە بەردەڕەش وەرناگرێت

دوێنێ کاژێر 12:15
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەوە، تێیدا بە "شێوەیەکی خراپ" مامەڵە لەگەڵ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەکرێت. بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، "لە بەردەڕەش سەگیان بۆ شێڵتەری هەولێر دەهێنا، بەڵام دوای ئەو ڤیدیۆیە چیدیکە ناتوانن سەگەکان بێنن بۆ هەولێر."
 
چەند رۆژێکە لەلایەن چەند گەنجێکی قەزای بەردەڕەش و بە سەرپەرشتیی شارەوانیی ناوچەکە دەست بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە کراوە.
 
9ی ئەم مانگە ئازاد محەممەد، سەرپەرشتیاری ھەڵمەتەکە بە رووداوی گوت، "لەدوای ئەو رووداوە ناخۆشەی بەردەڕەش کە بە پەلاماری سەگ منداڵێک گیانی لەدەستدا، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان کراوە و هاوئاهەنگییان لەگەڵ شێڵتەری سەگی بێلانە لە هەولێر کردووە، دوای ئەوەی تەواوی سەگەکان کۆدەکەنەوە، دەیانبەن بۆ ئەو شێڵتەرە."
 
رۆژی چوارشەممە 12ی ئاداری 2025 ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، تێیدا بە شێوازێکی خراپ مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵێک سەگ دەکرێت، گوایە ئەم سەگانە لە پارێزگای هەولێرن، بەڵام ئەو دەنگۆیە راست نییە و ئێمە لێی بەرپرس نین."
 
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئەوەی لە بەردەڕەش و سنووری ناوچەکە شێڵتەر نەبوو، بڕیار بوو سەگەکان بهێنن بۆ شێڵتەری هەولێر، "بەڵام دوای ئەم گرتە ڤیدیۆییە، رێگە نادەین سەگەکان بهێنن بۆ شێڵتەرەکەمان."
 
دوێنێ ژمارەیەک سەگ لە بەردەڕەشەوە بران بۆ هەولێر. بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر دەڵێت، "ئاگادار نەبووین کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەگەکان کراوە، بۆیە وەرمان گرتن."
 
بە گوتەی ژیار جەلال، "لە هەولێر هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بەردەوامە، رۆژانە لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلی شارەوانییەوە بە شێوەیەکی زۆر مرۆڤانە نزیکەی 40 بۆ 50 سەگ کۆدەکرێنەوە و دەیانگوازنەوە بۆ شێڵتەری هەولێر."
 
لە ساڵی 2023وە تائێستا 14 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە و زیاتر لە 5000 سەگیش نەزۆک کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە