سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی قەیسەری: هەفتەی داهاتوو هەموو دووکانەکان رادەست دەکرێنەوە

دوێنێ کاژێر 11:58
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 8 مانگە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەردەوامە. سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی بازاڕەکە دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو هەموو دووکانەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە."
 
شەوی 5-5-2024 ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، 270 دووکان سووتان، لە تەممووزی هەمان ساڵدا دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و ماوەی ساڵێکی بۆ دیاریکرا.
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، سەنگەر محەممەد، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە ئاگرکەوتنەوەکەدا 270 دووکان سووتان، نزیکەی 8 مانگە دەستمان بە نۆژەنکردنەوە کردووە، هەفتەی داهاتوو هەموو کارەکانی تەواو دەبێت."
 
سەرپەرشتیاری نوژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دەڵێت، "نۆژەنکردنەوەکە کراوە بە دوو بەش، بەشە شوێنەوارییەکە و بەشی نوێ، لە بەشی شوێنەوارییەکە 130 دووکان سووتابوون، 50ـیان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و 80ـشیان ماون، لە بەشە نوێیکەی 140 دووکان سووتابوون، هەموویان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە."
 
لەبارەی شێوازی نۆژەنکردنەوەکە، سەنگەر محەممەد گوتی، "لە بەشە شوێنەوارییەکەی هیچ دەستکاریی شێوازە کۆنەکەی نەکراوە، بەڵکو لەسەر هەمان شێواز نۆژەنکراوەتەوە و هەندێک جوانکاری تێدا کراوە، بەڵام لە بەشی نوێی بازاڕی قەیسەری هەمووی لە سەرەتاوە نۆژانکرایەوە و هیچ ئاسەوارێکی ئاگرەکەی لەسەر نەماوە."
 
هەردوو بەشی بازاڕەکە بە گوژمەی 5 ملیار و 300 ملیۆن نۆژەنکراوەتەوە. سەنگەر محەممەد گوتی، "85٪ـی کارەکانی تەواو بووە، هەفتەی داهاتوو هەموو دووکانەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە."
 
ماوەی ساڵێک بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دانرابوو: "تەممووزی ئەم ساڵ دواین وادەبوو، بەڵام زووتر تەواو دەبێت، ئێمە بە دوو شێفت کارمان کرد تاوەکو بە زووترین کات رادەست بکرێنەوە." سەرپەرشتیاری نۆژەکردنەوەی بازاڕەکەی وای گوت. 
 
3-3-2025، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 137 دووکان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە؛ ئەو بەشەی دیکەش کە بە بەشە مێژووییەکەی ناسراوە، بڕیارە پێش جەژنی رەمەزان تەواو بکرێن."
 
05-09-2024، ئومێد خۆشناو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی قەرەبووی ئەو دووکاندارانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری زەرەرمەند بوون رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی لە بەرژەوەندیی زیانلێکەوتووان دەرکردووە. ''کەمترین هاوکاری بۆ ئەو دووکاندارانەی زیانیان بەرکەوتووە، دوو ملیۆن دینارە و زۆرترینیش دەگاتە 20 ملیۆن دینار.''

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە