رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بە تەلەفۆن قسەیان کرد؛ بەپێی بارەگای بارزانی، مەزڵووم عەبدی وردەکاری و ئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شیکردەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی چوارشەممە، 12ی ئاداری 2025 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەدا، بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، لە دیمەشق رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
رێککەوتنە هەشت خاڵ بوو و بەهۆیەوە هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا.
بارەگای بارزانی دەشڵێت، "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەڕێز مەزڵووم عەبدی وردەکاریی و ئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شیکردەوە".
باس لەوەش دەکات، "هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکرێت کە ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و هەروەها ئەوەش دووپات کرایەوە کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ