لەسەر هەڵاتن لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر لێکۆڵینەوە لەگەڵ 9 کەس دەکرێت

12-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵاتنی ژمارەیەک راگیراو لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر و هەوڵی چەند کەسێکی دیکەش بۆ هەڵاتن رایگەیاند، داواکاری گشتی سکاڵای جووڵاندووە و لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان دوو وەزارەتدا پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ نۆ کەسدا کراوە.
 
رۆیژ یەکشەممە 12-3-2023، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین زانیارییەکانی پەیوەست بە کەیسی هەڵاتنی دوو راگیراو لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر و هەوڵی هەڵاتنی چوار کەسی دیکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای رووداوەکە لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوە لە نوێنەرانی هەردوو وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ناوخۆ لەسەر ئەو کەیسە دروستکراوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی هەڵاتنی ئەو راگیراوانە بکات." 
 
وەک ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ نۆ کەس کراوە و دەرکەوتووە لە کاتی رووداوەکەدا نووستوون، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بە کەفالەت ئازادکراون." 
 
روونیشیکردەوە، "داواکاری گشتیش سکاڵای لەسەر ئەو کەیسە جووڵاندووە و ئێستا چاوەڕوانی دادگەی کارگێڕی دەکەین بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی ئەو کەیسەوە بدرێت."
 
شەوی یەکشەممە 5ـی ئاداری 2023، شەش کەس کە بەپێی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە لە گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر راگیرابوون، هەوڵی هەڵاتنیان لە گرتووخانەکە دا و دووانیان لە هەوڵەکەیاندا سەرکەوتووبوون و چوار کەسەکەی دیکە نەیانتوانی بچنە دەرەوەی گرتووخانەکە.
 
رۆژی سێشەممە 7-3-2023، تەیب عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری گرتووخانەی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کاژێر نزیکەی 01:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستکەوتنی زانیاری و سەرەداو لەسەر ئەو کەسەی لە گرتووخانە هەڵاتبوو، توانییان لە ماڵێکدا لە هەولێر دەستگیری بکەن.
 
تەیب عەبدولعەزیز گوتیشی، "ئەو کەسەی هەڵاتبوو و دەستگیرکراوەتەوە، کوردی رۆژئاوای کوردستانە و تەمەنی 20 ساڵە، بەپێی ماددەی 446ـی دزیکردن راگیرابوو، لە رۆژی 20ـی مانگی شوباتەوە لەلای ئێمەیە و ئەو کەیسەی لەسەری گیرابوو کەیسێکی زۆر قورس نییە." 
 
بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی پۆلیس وەریگرتبوو، ئەو کەسەی دەستگیرکراوەتەوە ناوی (ب. م)ـە و لە گەڕەکی 94ی باداوانی هەولێر دەستگیرکراوەتەوە، سەرجەم ئەوانەشی کە هەڵاتن و هەوڵی هەڵاتنییان داوە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و بەپێی ماددەی446ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون کە پەیوەستە بە بابەتی دزییەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکێک لەو ئەی تی ئێمانەی لە دهۆک شکێندرا

لە دهۆک سێ ئامێری ATM شکێندران

لە سەنتەری پارێزگای دهۆک، سێ ئامێری ATMـی راکێشانی پارە تایبەت بە هەژماری من، شكێندراون و تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی دیار نییە.