فەلاح مستەفا: لە کۆبوونەوەکاندا کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تورکیا تاوتوێکراوە

12-03-2022
نازەنین گۆران
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی بارودۆخی سیاسیی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان کردووە و ئەردۆغان، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی کردووە بۆ ئامادەبوونی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا، هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تورکیا تاوتوێدەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 12ی ئاداری 2022، فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە جیا کۆبووەوە.
 
کۆڕبەندی  دیپلۆماسی ئەنتاڵیا، سێ رۆژ دەخایێنێت، لە 11ی ئەم مانگە دەستیپێکردووە و تاوەکو 13ـی مانگ بەردەوام دەبێت، ئەمساڵ 15 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و 67 وەزیر بەشداریی کۆڕبەندەکەن و مژارەکانی دیدارەکە بریتین لە، هەژاری، ئاوارەبوون، گۆڕانی کەشوهەوا و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان. 
 
فەلاح مستەفا لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کرد، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، دەرفەتێکی باشە دوایین پەرەسەندنەکان لە زاری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ببیستین". 
 
هەروەها فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەش کرد، تاوتوێی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، لە رووی ئابووری و بازرگانی و دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەندییەکانیان، چونکە وەک چۆن پرسی وڵاتانی دیکە کاریگەری هەیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، پرسی ئەوانیش کاریگەری لەسەر وڵاتان هەیە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆڕبەندەکە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی ئەنجامیدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران کە هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەریشە، کۆبووەوە، ئەوەش گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان کە وڵاتێک لە کەنداو بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی بەرەوپێشچونی ئەو پەیوەندییە، ئەوانە پرسی گرنگ بوون بۆ ئەوەی باسبکرێن".
 
هەر ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، بە گوتەی فەلاح مستەفا، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی دەستپێشخەریی تورکیای کرد بۆ نێوەندگیری و ئامادەباشی و زەمینەسازکردن بۆ دیالۆگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، چونکە دەرفەتێکە بۆ دیپلۆماسی و کۆتاییهێنان بە شەر ".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەلاح مستەفا رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی ئەوە کرد کە چی بکرێت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش گفتوگۆکرا، بەرپرسانی تورکیا خوازیارن سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بگەنە رێککەوتن و حکومەتێک پێکبهێنن کە وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک بێت. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی سەرۆکی هەێمی کوردستان ئاگاداری پرسە جیهانییەکان بێت، وەک پەتای کۆرۆنا، پرسە ئابورییەکان، گۆڕانکاریی کەشوهەوا، تیرۆر، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەو سەرکردانەی لە کۆڕبەندەکە ئامادەبوون بیروڕا و زانیاری بگۆڕنەوە.  
 
لەبارەی کردنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە فەلاح مستەفا گوتی، "ئاستی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا لە ئاستێکی باشدایە، ئەو پرسە پێشتریش باسکراوە و وەزارەتی دەرەوەش رەزامەندیی لەسەرداوە، ئەم کۆڕبەندەش دەرفەتێکی باشبوو کە دووبارە باسی لێوەبکرێت، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەو بارەوە گوتی، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین".
 
هەروەها فەلاح مستەفا گوتی، "بابەتی گاز لەم دیدارە باسنەکرا، بەڵام پێشتر باس لەوە کراوە چۆن عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە سوود لە سەرچاوە سرووشتییەکان وەربگرن بۆ ئەوەی لە رێگەی تورکیاوە ببن بە لایەنێکی دابینکەری ئەو سەرچاوە سرووشتییانە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێویستییان پێیەتی، کە ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کردنەوەی دەرگای هاوکاری بە رووی یەکتردا". 
 
رۆژی هەینی 11-03-2022 نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە دووەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا گەیشتە ئەو شارە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند له‌ په‌راوێزى کۆڕبه‌نده‌که‌دا نێچيرڤان بارزانى بۆ گفتوگۆ لەباره‌ى دوايين پێشهاته‌كان و بابه‌تى هه‌نووكه‌يى، چه‌ند ديدار و كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام ده‌دات. 
 
لە یەکەم رۆژی گەیشتنی بۆ ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سودانی و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێوڕەسمى یادى 100 ساڵەى دامەزراندنى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

سوودانى: وەزارەتى دەرەوە راسپێردراوە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانى ئیسرائیل لەسەر عێراق بکات

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، "رژێمى زایۆنى بە پاساوى بێ بنەما، هەڕەشەى لە عێراق کردووە و ئەوەش وایکرد، ئێمەش جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت عێراق بکرێتە شوێنێک هیچ هێرشێکی لێوە بکرێت. داوامان لە وەزارەتى دەرەوەش کردووە بەدواداچوون بۆ دۆسیەى هەڕەشەکەى زایۆنى بکات."