رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، بەهۆی بارینی بەفرەوە لە قەزای پێنجوێن و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، بڕیاری راگرتنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنیان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە داوە.
رۆژی یەکشەممە، 12-2-2023، زانا عەبدولڕەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لە قەزاکە باریوە و ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە، بۆیە بڕیاماندا بە راگرتنی دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە یەکی بنەڕەتییەوە تاوەکو 12 ئامادەیی بە باخچەی منداڵانیشەوە."
بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن، پشووەکە تەنیا ئەمڕۆ یەکشەممە دەبێت و ئەگەر دواتر هەر بڕیارێکی دیکە بدرێت، قوتابیان ئاگادار دەکرێنەوە.
زانا عەبدولڕەحمان دەشڵێت: "ئێستا هاتووچۆ لە شەقامەکان زۆر زەحمەت بووە. شەقامەکان بەستوویانە."
ئەمە یەکەمجار نییە بەهۆی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەی گەرما پەروەردەی پێنجوێن پشووی فەرمی رادەگەیەنێت.
رۆژی 04-01-2023، قایمقامی قەزای پێنجوێن رایگەیاند، "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و بەردەوامبوونی بارینی بەفر لە سنووری قەزاکەماندا، بە راوێژ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن بڕیارماندا رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم خوێندنگەکانی سنووری هەردوو ناحیەی گەرمک و ناڵپارێز و ناو قەزای پێنجوێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ