وەزارەتی ناوخۆ داوا لە وەزارەتی ئەوقاف دەکات لە نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت هاوکاریی بکات

12-01-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک و رێنماییەکانی، داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکات رۆڵیان هەبێت و مامۆستایانی ئایینی لە گوتارەکانیان باس لە دیاردەی چەکهەڵگرتنی بێمۆڵەت و چەکداری بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، "ئێمە لە رێگەی زنجیرە گوتارێکەوە پشتیوانی لە داواکارییەکەی وەزارەتی ناخۆ دەکەین کە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە."
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک لەژێر ناونیشانی "یاسا و رێنماییەکانی بواری چەک" کە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، داوا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکات هانی مامۆستایانی ئاینی بدرێت بۆ ئەوەی رۆلیان لە نەهێشتنی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تۆمارکردنی چەک لە وەزارەتی ناوخۆ هەبێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی ناوخۆ لەڕێی وەزارەتە بەڕێزەکەتانەوە داوای هەماهەنگی و هاوکاری لە مامۆستایانی ئایینی دەکات تا لە وتار و وتارەکانی هەینیدا هانی خەڵک بدەن بۆ ئەوەی لە دیاردەی چەکهەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان دووربکەنەوە، باوەڕمان وایە مامۆستایانی ئایینی بە حوکمی ئەو پێگە تایبەتەی لە کۆمەڵگەی زۆرینە مسوڵمانی کوردستاندا هەیانە، دەتوانن هاوکاریی گەورەی ئەم پڕۆسەیە بن و لەم خاڵانەی خوارە رۆڵی گەورە ببینین"
 
ئەو خاڵانەی کە وەزارەتی ناوخۆ تێیدا داوای هاوکاری لە وەزارەتی ئەوقاف کردووە:
 
یەکەم: وەزارەتی ناوخۆ ماوەی ساڵێکی داناوە بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان، ئەوانەی هەر جۆرە چەکێکی بچووکی وەکو دەمانچە و کڵاشینکۆفیان هەیە، سەردانی بنکەکانی پۆلیسی سنوورەکەیان بکەن بۆ ئەوەی ئەو چەکەی هەیانە لەوێ تۆماربکەن و دواتر چەکەکە وەربگرنەوە، ئامانج لەم قۆناخە ئەوەیە وەزارەت داتایەکی دەستبکەوێت کە لەناو کوردستاندا چەک و پارچە چەک هەیە، ئێمە بە زۆر دواتر چەک لە کەس وەرناگرین و بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکانەی تۆماکراون ناچینە هیچ ماڵێک، بەو مەرجەی هاووڵاتی ئەو چەکە لەگەڵ خۆی نەگێڕێت و نەیهێنێتە دەرەوە بۆ شوێنە گشتییەکان، دوای تۆمارکردن ئەگەر هاووڵاتییەکە ویستی مافی چەک هەڵگرتنی هەبێت دەتوانێت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان یان لە وەزارەتی ناوخۆ داوای وەرگرتنی مۆڵەتی چەک بکات.
 
دووەم: مامۆستایانی ئایینی دەتوانن گوتارەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی دیاردەی چەکهەڵگرتنی بێمۆڵەت و چەکداری ناشرین و یاساخ بکەن، چونکە ئاشکرایە چەکی زۆر لەناو خەڵک دەرفەتی تاوان و تووندوتیژی زیاد دەکات و ئەوەش لە بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییاندا نییە.
 
سێیەم: مامۆستایانی ئایینی دەتوانن لەڕێی مینبەر و گوتارەکانیان لە مزگەوت و میدیاکان، نەفرەت لە دیاردەی بەکارهێنانی چەک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بکەن و هانی هاووڵاتییان بدەن تا پەنا بۆ دادگەکان ببەن یان بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ببەن بۆ ئەوەی ئاشتەوایی و پێکهاتن و یەکترقبووڵکردن جێگەی تووندوتیژی و کوشتن و یەکتر سڕینەوە بگرێتەوە.
 
"بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی داواکارییەکە دەکەین"
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 12-1-2023، لەبارەی نووسراوەکەوە بە رووداوی گوت، "نووسراوەکەمان پێگەیشتووە، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەین و کاری لەسەر دەکەین، چونکە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە و پرسێکی نیشتمانییە، بۆیە ئێمە نووسراوەکە ئاراستەی بۆردی گوتاری هەینیی وەزارەت دەکەین و تەنیا یەک گوتار نا، بەڵکو لە رێگەی زنجیرەیەک گوتاری رۆژانی هەینییەوە پشتیوانی لەو داواکارییە دەکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتیشی، "ئێمە پلانێکی گشتگیرمان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین رۆڵمان لە نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت هەبێت، ئەوەش بە ئەرکێکی شەرعی و نیشتمانی دەزانین."
 
وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەکی ژمارە 2ـی ساڵی 2022، هەردوو رێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2022 رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای چەک لەهەرێمی کوردستان و رێنمایی ژمارە 6ـی داماڵێنی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی دەرچوواند. 
 
لە ساڵی 2022ـەوە وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت لە رێگەی یاسای چەکەوە چەکی بێ مۆڵەت کۆنترۆڵ بکات، دوای بەرزبوونەوەی رێژەی کوشتن و تەقەکردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە