رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی کەسوکار و دۆستانی ع. ع. شەونم، نووسەر و ئەدیبی کورد کرد و رایگەیاند، ناوبراو "هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی کولتوور و ئەدەب و زمانی گەلەکەی تەرخانکرد، لە زۆر بواردا جێپەنجەی داهێنەرانە و بەرهەمی بەنرخ و سەنگینی بەجێهێشت".
سەرلەبەیانیی رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2020 نووسەر و ئەدیبی کورد عەلی عەبدوڵڵا، ناسراو بە (ع. ع. شەونم) لە تەمەنی 95 ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکرد.
ئەو ئەدیبە ناسراوەی کورد ساڵی 1929 لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە، بۆیە تەرمەکەشی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر دەبرێتەوە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی گوڵان، لەپاڵ چەندین زانای دیکەی ئەو دەڤەرە بە خاک دەسپێردرێت.
شەونم یەکێک بوو لە مامۆستا بەتواناکانی بواری پەروەردە و فێرکردن، جگە لەوەش، دەنگخۆش، ئاوازدانەر، شێوەکار، خۆشنووس و مێژوونووس بووە، هەروەها شارەزا بووە لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی.
دەقی پرسهنامهکەی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆکی ههرێمی کوردستان:
بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی شاعیری دێرین و ئەدیبی پێشهنگ و پەروەردەکاری ناسراو مامۆستا ع.ع شەونمم پێگەیشت.
خوالێخۆشبوو وەک ڕووناکبیر و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی کولتوور و ئەدەب و زمانی گەلەکەی تەرخان کرد و لە زۆر بواردا جێپەنجەی داهێنەرانە و بەرهەمی بەنرخ و سەنگینی بەجێهێشت.
بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار و دۆستانی، هەروەها لە ئەدیب و شاعیرانی کوردستان دەکەم، لە خوای مەزن داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بهر بهزهیی و میهرەبانیی خۆی و سەبووری و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سهرۆکی ههرێمی کوردستان
٢٠٢٠/١٠/١١
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ