کوردستان
وێنەی تەقینەوەی مینێک کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مین لە هەولێر لەسەر هەواڵی مردنی شوانەکە بڵاویکردووەتەوە
رووداو - هەولێر
لە گوندێکی سنووری قەزای چۆمان، هاونیشتمانییەک کە شوان بوو بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا؛ قایمقامی چۆمان دەڵێت، مینەکە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق چێندراوە.
رۆژی یەکشەممە، 11-9-2022، سوارە خۆشناو، قایمقامی قەزای چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە شوان بووە و لە رەوەندییە کۆچەرییەکان بوو". ئاماژەی بەوەش كرد، مینەکە کۆن بووە و لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق چێندرابوو.
لەبارەی رووداوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مین لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رووداوەکە لە گوندی گۆرۆنی لە سنووری قەزای چۆمان بووە و ئەوکەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی (عەلی عەبدولڕەحمان)ـە و تەمەنی 50 ساڵە و خێزاندارە، خەڵکی گوندی گەرۆک بووە لە سنووری قەزای ئاکرێ و بۆ ئاژەڵداری چووەتە ناوچەکە.
17ی مانگی رابردوو، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە کێڵگە مینەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تایبەت هەردوو سنوورەکانی چۆمان و سیدەکان 350 مین و پارچەی تەقەمەنییان دۆزیوەتەوە کە نەتەقیونەتەوە، هەموویان لەنێوبردوون کە لە سەردەمی شەڕی عێراق-ئێران دانرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ