رووداو دیجیتاڵ
تەرمی پۆلیسێکی بەرگری و فریاکەوتن لە قەزای سەیدسادق دۆزرایەوە؛ قایمقامی قەزاکە دەڵێت، رووداوەکە شەوی رابردوو بووە، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەکە دۆزراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە 11ـی تەممووزی 2022، دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە لە نزیک باخەکانی نێو سەیدسادق روویداوە کە نزیکی ماڵی ئەو پۆلیسە بووە کە لە بەرگری و فریاکەوتنە، بەڵام ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە."
پۆلیسەکە لەدایکبووی 1991ـە، قایمقامی سەیدسادق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنی پۆلیسەکە نازانن و پۆلیس رێکارە یاساییەکانی دەستپێکردووە؛ گوتیشی، "دواتر کەسوکاری کوژراوەکە لەلایەن پۆلیسەوە گوتەیان لێ وەردەگیرێت و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان دەتوانین هۆکاری کوشتنەکە رابگەیێنین."
لیوای بەرگری و فریاکەوتن سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
دوای زنجیرەیەک رووداوی کوشتن لە هەرێمی کوردستان، رۆژی 30ـی حوزەیرانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن بۆ ئەوەی چیدیکە نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک."
هەمان رۆژ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، شوێنی هەڵگرتنی چەک بۆ پێشمەرگە دروست دەکەن بۆ ئەوەی چەک نەبەنەوە ماڵەوە. گوتیشی، لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە قسەی کردووە، چونکە "بەشێک لەو چەکەی زۆرجار بەکاردێت ئەوەیە لەدەست ئۆرگانە فەرمییەکانە، چ برایانی پێشمەرگە بێت یان ئاسایش یان پۆلیس. برایانی پێشمەرگە شوێنێک نییە کە چەکی خۆیانیانی تێدا هەڵبگرن و پێشتریش لە ئەنجوومەنی وەزیران باسکراوە و ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونمان کرد.. کاتێک ئەرکی فەرمیی پێشمەرگە تەواو دەبێت، چەکەکە لە شوێنی تایبەت هەڵبگیرێت و چەک لەگەڵ خۆی نەباتەوە بۆ ماڵەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ