رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک رایگەیاند، ئەمساڵ 10 جار ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتووەتەوە. دەشڵێت، ئاگرەکانی ئەمساڵ جیاوازن و کۆنترۆڵکردنیان سەختترە.
کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بەهۆی زۆری بارانبارینی ئەمساڵ، پووش و پەڵاشێکی زۆر لە دارستانەکان کۆبووەتەوە، ئەمەش وا دەکات مەترسی روودانی ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر و کۆنترۆڵکردنیان سەختتربێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان بە شێوەیەکی باش هەموو ئاگرەکانیان کۆنترۆڵکردووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەوە و زیانی زۆریان بە دارستان، جووتیاران و تەنانەت ئاژەڵدارانیش گەیاندووە، بەشێکی ئاگرەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەتایبەت برووسکەوە بوون.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک ئاماژە بە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان و ژووری تایبەت لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەم مەبەستە دەکات و، دەڵێت، ئەمساڵ 10 ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتوونەتەوە و هۆکارەکانیش، سرووشتی، ناسرووشتی و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بوونە، هۆشداریشی دا، لەوەی ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، رەنگە لە هاوینی ئەمساڵدا ئاگرەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتربن.
لەبارەی زیانەکانەوە، کاوە سەبری ئاشکرای کرد؛ هەفتەی داهاتوو ئاماری ئاگر و زیانەکانی رادەگەیەنن و گوتی، دەکرێت خەمڵاندن بۆ زیانەکانی سووتانی دارستانەکان بکرێت، بەڵام هەر تەنیا زیانی ماددی نین، زیانە ژینگەییەکان بۆ ئەو ناوچانە زۆر لە زیانە ماددییەکان زیاترن، 'چونکە دارستان تەنیا داری تێدا نییە، جگە لە دار گیانەوەرەکان، خاک و ئاو و هەوای ناوچەکەش تێکدەدات، دارێک کە تەمەنی سەد ساڵە، کێ دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە؟'
بەهۆی ئاگرەکانەوە، بە هەزاران دۆنم زەویی جووتیاران و دارستان لە هەرێمی کوردستان سووتاون، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە سنووری شارباژێڕ لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا 10 هەزار دار سووتان، کە بەشێکیان بەرداربوون.
کاوە سەبری باس لە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکات، کە هەوڵیداوە لە هەموو دارستانەکان هێڵی ئاگربڕ دروست بکات بۆ رێگەگرتن لە ئاگرەکان و تەشەنەنەکردنی. دەڵێت، بەو توانایانەی لەبەردەستیاندایە چەندین هێڵی ئاگربڕیان لەو دارستانانە دروستکردووە، کە دەستیان پێدەگەن، بەڵام ئەگەر بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت، دەتوانن کاری باشتر بکەن، کە ساڵانە پێویستییان بە سێ تاوەکو 4 ملیار دینار هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە پلانەکانیان وەکو پێویست جێبەجێ بکەن.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک هەروەها گوتی، ئەوان داوای بورجی دژەبرووسکەیان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی ئەو ئاگرانە بکەن، کە بەهۆی برووسکەوە دەکەونەوە، بەڵام تائێستا بۆیان دابین نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ