بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک: ئەمساڵ 10 ئاگر لە دارستانەکانمان کەوتوونەتەوە

11-06-2024
بیلال ئەحمەد
کاوە سەبری، بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
کاوە سەبری، بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک رایگەیاند، ئەمساڵ 10 جار ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتووەتەوە. دەشڵێت، ئاگرەکانی ئەمساڵ جیاوازن و کۆنترۆڵکردنیان سەختترە.
 
کاوە سەبری، بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بەهۆی زۆری بارانبارینی ئەمساڵ پووش و پەڵاشێکی زۆر لە دارستانەکان کۆبووەتەوە و ئەمەش وا دەکات مەترسی روودانی ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر و کۆنتڕۆڵکردنیان سەختتربێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان بە شێوەیەکی باش هەموو ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەوە و زیانی زۆریان بە دارستان و جووتیاران و تەنانەت ئاژەڵدارانیش گەیاندووە، بەشێکی ئاگرەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەتایبەت برووسکەوە بوون. 
 
بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی ئاماژە بە هەوڵەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان و ژووری تایبەت لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەم مەبەستە دەکات و دەڵێت، ئەمساڵ 10 ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتوونەتەوە و هۆکارەکانیش، سرووشتی، ناسرووشتی و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بوونە، هۆشداریشی دا، کە گەر شەڕەکە بەردەوام بێت رەنگە لە هاوینی ئەمساڵدا ئاگرەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتربن. 
 
لەبارەی زیانەکانەوە کاوە سەبری ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو ئاماری ئاگر و زیانەکانی رادەگەیێنن و گوتی، "دەکرێت خەمڵاندن بۆ زیانەکانی سوتانی دارستانەکان بکرێت بەڵام هەر تەنیا زیانی مادی نین، زیانە ژینگەییەکان بۆ ئەو ناوچانە زۆر لە زیانە مادییەکان زیاترن، چونکە دارستان تەنیا داری تێدا نییە، جگە لە دار، گیانەوەرەکان، خاک و ئاو و هەوای ناوچەکەش تێکدەدات، دارێک کە تەمەنی 100 ساڵە کێ دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە؟".
 
بەهۆی ئاگرەکانەوە بە هەزاران دۆنم زەوی جووتیاران و دارستان لە هەرێمی کوردستان سووتاون، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە سنووری شارباژێڕ لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا 10 هەزار دار سووتان کە بەشێکیان بەرداربوون.
 
کاوە سەبری باس لە پلانی بەرێوەبەرایەتییەکەیان دەکات کە هەوڵیداوە لە هەموو دارستانەکان هێڵی ئاگربڕ دروست بکات بۆ رێگەگرتن لە ئاگرەکان و تەشەنە نەکردنی ئاگرەکان و دەڵێت، بەو توانایانەی کە لەبەردەستیاندایە ئەوان چەندین هێلی ئاگربڕیان لەو دارستانانە دروستکردووە کە دەستیان دەگاتێ، بەڵام ئەگەر بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان بکرێت دەتوانن کاری باشتر بکەن کە ساڵانە پێویستییان بە 3 تاوەکو 4 ملیار دینار هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە پلانەکانیان وەکو پێویست جێبەجێ بکەن.
 
بەرێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک هەروەها گوتی، ئەوان داوای بورجی دژە برووسکەیان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی ئەو ئاگرانە بکەن کە بەهۆی برووسکەوە دەکەونەوە، بەڵام تائێستا بۆیان دابین نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.