نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق تاوتوێدەکات

11-06-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر کۆبووەوە و باسیان لە چۆنێتیی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو کرد. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11-6-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد حەلبوسی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق کراوە. هەروەها بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو. 
 
سەردانەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە 08-06-2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە عێراقییەکان راگەیاند
 
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، مانەوەی عێراق بەندە بە پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان، "هەنگاوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی عێراق بەردەوام دەبێت و بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستاش بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە حکومەتی عێراق پێکنەهاتووە. لایەنەکان بەشێوەیەکی سەرەکیی دابەشی دوو بەرە بوون، لایەنێکیان هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانە کە لە رەوتی سەدر و پارتی و هاوپەیمانیی سەروەریی سووننەکان پێکهاتووە. لایەنەکەی دیکەش چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاسمانی هەوراوی ئەمڕۆی دهۆک. وێنە: نایف رەمەزان - رووداو

کەشناسی: ئەمڕۆ باران دەبارێت و سبەی پەڵەهەور دەبێت

بۆ رۆژی شەممەش 21ـی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە: "ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و پەڵەهەوردا دەبێت، پلەی گەرما بە گشتى کەمێک بەرز دەبێتەوە، تەنیا لە سنوورى ناوچەکانى پارێزگاى دهۆک نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ هەینی."